وەزارەتی تەندروستی هۆشداری لە مەترسی کۆرۆنا دەدات

وەزارەتی تەندروستی هەواڵی ئەو دەزگا میدیا رەتدەکاتەوە کە ئاماژە بۆ نەمای مەترسی کۆرۆان  دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مەترسیەکانی ئەو ڤایرۆسە ماوە.

 لەروونکردنەوەیەک کە ئەمشەو بڵاوکرایەوە، دەڵێت " لە ھەندێك دەزگای میدیایی وا بڵاوکراوەتەوە گوایە مەترسی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە کوردستان نەماوە، بۆ ئەم مەبەستە بۆ ھاوڵاتیان ڕوونیدەکەینەوە کە لێکدانەوەیەکی جیاواز بۆ ئەم بابەتە کراوە، ئاماژە زانستییەکان تاوەکو ئێستاش ئەوە دەردەخەن کە ھەرچەندە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو خۆشبەختانە تۆمارکردنی تووشبووی نوێ نەبووە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ئەم نەخۆشیە لە جیھان و ووڵاتانی دەوروبەر و پارێزگاکانی تری عێراق ھێشتان مەترسی بڵاوبوونەوە ھەر بەردەوامە، هاوکات لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەخۆش لە نەخۆشخانەکان و بەرکەوتووان لە کەرەنتینەکان ھەر ماوە".

لەو روونکردنەوەیەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە" بۆیە بەردەوام لە ڕاگەیاندراوەکان جەخت لەسەر پابەندبوونی ڕێنماییەکانی تەندروستی لە شوێنە گشتیەکان و بڕیارەکانی خۆپارێزی لەلایەن وەزارەتەکانی ناوەخۆ و پەروەردە و ئەوقاف و کاروباری ئاینی و گواستنەوە و گەیاندن دەکەینەوە، وە بەردەوامیش دەبین لە پشکنین و گەڕان بەدوای تووشبووان، جارێ ماوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەو نەخۆشیە و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە".

 


PM:10:35:10/05/2020