پەرلەمان کۆنابێتە تا پەیوەندی یەکێتی و پارتی ئاسایی نەبێتەوە

لە کۆبوونەوەی دوێنێی سەرکردایەتی یەکێتی دا بڕیاردراوە یەکێتی پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی بەهێز بکات، هاوکات بڕیاردراوە کە تا پارتی دەستبەرداری بڕیاردان بە تاک لایەنە نەبێت و پەیوەندیەکانی هەردوولا ئاسایی نەبێتەوە، کۆبوونەوەی کەشی پەرلەمان ئاسایی نابێتەوەو کۆبوونەوەش ساز ناکرێت.


بەپێی زانیاریەکانی " سپی " سەرباری ئەو راگەیاندنەی لە کۆبوونەوەکەوە بڵاوکرایەوە، یەکێتی بڕیاری داوە کە پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکانی تری نێو پەرلەمان بەهێز بکات و متمانە بەگەڕێێنێتەوە بۆ ئەو پەیوەندیانە، ئەمەش لە پێناو سنوردانانێک بۆ " سیاسەتی تاكڕەوانەی پارتی".


هەروەها سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری دەرکردووە کە د. رێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان رێنکەنەخات پێش ئەوەی پەیوەندیەکانی یەکێتی و پارتی ئاسایی بێتەوە، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیش لەو روانگەیەوەیە کە چیتر نابێت لە بڕیارەکاندا پارتی حساب بۆ یەکێتی و لایەنەکانی تر نەکات، لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکومەت و دەزگاکانی تر.


رۆژی پێنج شەممەی رابردوو هەردوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان، بەبێ رەزامەندنی سەرۆکی پەرلەمان، فراکسیۆنی پارتی و پێکهاتەکان و دوو پەرلەمانتاری تر، پرسی پارێزبەندی پەرلەمانتارانیان خستە دەنگەوەو لە چوار پەرلەمانتاری پارتی و گۆڕان و کۆمەڵ، پارێزبەندی تەنها لە پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ سەندرایەوە، لە کاتێکدا هەرچی فراکسیۆنەکانی تری پەرلەمانە بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد. 
 


PM:02:53:11/05/2020