هاوڵاتییەک بە ناوی کارمەندی شارەوانی پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرێت


بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە بەناوی كارمەندی شارەوانی سلێمانییەوە پارەی لەهاوڵاتیان سەندبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە" شەوی ڕابردو لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە دوای ئەوەی دەست لەئۆتۆمبێلێكی جۆری تاكسی ڕادەگرێت بەچەقۆ هێرشدەكاتە سەر شۆفێرەكەو ئۆتۆمبێلەكە دەڕفێنێت".

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت" دوای ئەوەی زانیاری دەگاتە پۆلیسی سلێمانی لەماوەی كەمتر لە 2 کاتژمێردا توانرا ئۆتۆمبێلەكە لەگەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی بدۆزرێتەوەو تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت".

لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەش بریندارەو لەنەخۆشخانە چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت.

ڕاشیگەیاند"بەیانی ئەمڕۆ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارێكی عەرەبیان دەستگیركرد كە بەناوی كارمەندی شارەوانی سلێمانییەوە لەچەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی پارەی لەچەند هاوڵاتییەك وەرگرتبوو".

تۆمەتبار (أ ، خ ، أ ) لەدایكبوی 1996 دانیشتوی كامپی ئاوارەكانە لەشاری سلێمانی‌و پێشتر كارمەندی یەكێك لەكۆمپانیا پاككەرەوەكان بووەو بەناوی شارەوانییەوە لەچەند گەڕەكێك پارەی لەهاوڵاتیان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لە ھاوڵاتیان دەکات کە بەھیچ جۆرێک پارە بەو کەسانە نەدەن کە بەناوی کارمەندی کۆمپانیاکانی پاککردنەوەوە بەسەر ماڵاندا دەگەڕێن‌و داوای پارەی جەژنانە دەکەن.




PM:09:04:13/05/2020