فراکسیۆنی یەکێتی: ناچینەوە کۆبونەوەی پەرلەمان

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" کێشە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەیە و هەتا رێکنەکەون و میکانیزمی کارکردن نەگۆڕن بەشداری کۆبونەوەکان ناکەین".

 

جەمال حەوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبونەوەی شه‌ش فراکسیۆن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند" ئەو فراكسیۆنانەی رۆژی ٧ی ئایار بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانمانكرد، ئەمڕۆ كۆبوینەوە، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بەشداری هیچ کۆبونەوەیەک ناکەین تا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بانگهێشتی هەموو فراكسیۆنەكان دەكات".

 

دەشڵێت" پێمان وایە ئەو شەش فڕاکسیۆن کێشەمان لەگەڵ فڕاکسیۆنی پارتی نیە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیە و ئەمە دووەم جارە دەستەی سەرۆکایەتی پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل دەکات و ڕێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتیش پێشێل دەکات کە بەپێی ڕێککەوتنەکە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەڕلەمان بەڕێککەوتن و هەماهەنگی کاربکەن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد" کە کێشە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەیە و تا سەرۆكایەتی پەرلەمان رێکنەکەون و میکانیزمی کارکردن نەگۆڕن بەشداری کۆبونەوەکان ناکەین".

باسی لەوەشكرد، هەڵگرتنی پارێزبەندی كپكردنی دەنگی ئازادە، كە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین، وە جێگری سەرۆكی هەرێم هێرشی كردە سەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەبێ ئەوەی لە بەیاننامەكەی ئێمەدا هیچ باسی ئەوان كرابێت.




PM:02:04:14/05/2020