لەتیف شێخ مستەفا: ئەوەی ئێستا هەندێك پەرلەمانتار دەیكات كاری ڕاگەیاندنە

پسپۆڕێکی یاسایی دەستوریی ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر ئیشی پەرلەمانتاری ھەر ئەوە بێت زانیاری لە سەرچاوەی خۆی وەربگرێت و بڵاوی بكاتەوە، ئەوە كاری ڕاگەیاندنكارە، نەك پەڕلەمانتار".

 

لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوریی لە نوسینێکیدا لە ژێر ناوی "پەرلەمانتار و ڕاگەیەندکار" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" ئاماژەی بەوەکردووە" زۆرێک لەو پەڕلەمانتارانەی پێشتر ڕاگەیاندنکار بوون، کە ژمارەشیان لەم خوولەدا زۆرە، بە ھەمان نەفەس و میکانیزمی کاری ڕاگەیاندن کاری پەڕلەمانی دەکەن، بۆیە زیانی گەورەیان لە کاری پەڕلەمانی و کاری ڕاگەیاندنیش داوە و ھەم پەڕلەمان ئەوەندە بێ ئەرزش بووە کە لە ھیچ خوولێکدا ھێندەی ئەم خوولە « بێ گومان لەپاڵ ھۆکاری تردا » ئاستی دانەبەزیوە، ھەمیش زیانیان لە کاری ڕاگەیاندن داوە و زانیارییەکانیش سەبارەت بە گەندەڵی، ئەو کاریگەرییەیان لەسەر ڕای گشتی و دەسەڵاتیش نەماوە".

 

ڕاشیگەیاندووە" ئەگەر ئیشی پەرلەمانتاری ھەر ئەوە بێت زانیاری لە سەرچاوەی خۆی وەربگرێت و بڵاوی بكاتەوە، ئەوە كاری ڕاگەیاندنكارە، نەك پەڕلەمانتار، بۆیە دۆخەكە وای لێ دێت ئیتر وردە وردە كاری پەڕلەمانی بێ ئەرزش دەكات، وەك ئەوەی ئێستا".

 

دەقی پەیامەکەی لەتیف شێخ مستەفا بەم شێوەیە: 

 

پەرلەمانتار & ڕاگەیاندنکار

ڕاگەیاندنکار:

 

کەسێکە ھەوڵی بەدەستھێنانی ھەواڵ و زانیاری دەدات و خەڵک و دامودەزگاکانی حکومەت و ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکاتەوە. ئیشی ھەر ئەوەندەیە، چونکە ئەو دەسەڵات نییە و بڕیار بەدەست نییە، با بە مەجازی پێیشی بڵێن دەسەڵاتی چوارەم.

 

پەڕلەمانتار:

 

ئەندامی دەسەڵاتی یاسادانانە و نوێنەری خەڵکە، ئیشی ئەوەیە، کە بەشداری بکات لە پڕۆسەی یاسادانان لە ڕێگەی لیژنەکەی، یان لەناو پەڕلەمان لە کاتی گفتوگۆکردن و دەنگدان. ھەروەھا ئیشێکی دیکەی بریتییە لە چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە حکومەت و وەزارەتەکان لە ڕێگای میکانیزمەکانی «پرسیار ئاڕاستەکردن، لێکۆڵینەوە، ئیستیجواب کردن و لێسەندنەوەی متمانە»وە.

 

ئەو دەبێت بەدوای کەموکورتی و گەندەڵییەکانی حکومەت و وەزیرەکان و ئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بگەڕێت و ئەگەر زانیارییەکی دەستکەوت، کە شایستەی بەدواداچوون و لێپرسینەوە بێت، دەبێت لە ڕێگای ئەو میکانیزمانەی لێپرسینەوەوە ھەوڵی لێپرسینەوە بدات، نەک ئیشی تەنھا ئەوە بێت ببێت بە ڕاگەیاندنکار و زانیارییەکان بۆ خەلک بڵاوبکاتەوە.

 

بەڵێ مافی خۆیەتی ڕای گشتی لە کار و چالاکییەکانی ئاگادار بکاتەوە، بۆئەوەی خەڵک بزانن نوێنەرەکەیان چۆن کاردەکات و نوێنەری چالاک و ناچالاک لەیەک جیابکەنەوە، بەڵام دەبێت دەرئەنجامی کارەکانی بێت، کە یاسادانان و چاودێریکردنە؛

 

بۆ نمونە: مافی خۆیەتی بەشداریکردنی خۆی لە دەرکردنی یاسایەکی باش یان ڕەت کردنەوەی یاسایەکی خراپ بۆ خەڵک و دەنگدەرانی پیشان بدات. ئەویش لەرێگای موداخەلەکانییەوە لەناو پەڕلەمان، کە دەگوێزرێنەوە بۆ خەڵک، یان لەرێگای چاوپێکەوتن و کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانییەوە بێت.

 

یان بۆ نمونە: ئەگەر زانیارییەکی گەندەڵیی دەستکەوت، بۆی ھەیە پرسیار ئاڕاستەی وەزیر بکات، یان داوای لێکۆڵینەوە بکات، ئەگەر سەرۆکایەتی پەڕلەمان پرسیارەکەی ئاڕاستە نەکرد، یان ئاڕاستەی کرد، بەڵام وەزیر یان بەرپرس وەڵامی نەدایەوە! دەشێت لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی یان چاوپێکەوتن پرسیارەکە و ناوەڕۆکی زانیارییەکەش بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە. یان ئەگەر وەڵامی دایەوە بە ھەمان شێوە دەتوانێت بڵاویبکاتەوە. ھەمان شتیش ڕاستە سەبارەت بەوەی ئەگەر داوای لێکۆڵینەوە، ئیستیجواب یان داوای لێسەندنەوەی متمانە بکات.

 

بەڵام ئیشی ھەر ئەوەبێت زانیاری لە سەرچاوەی خۆی وەربگرێت و بڵاوی بکاتەوە، ئەوە کاری ڕاگەیاندنکارە، نەک پەڕلەمانتار، و وای لێ دێت ئیتر وردە وردە کاری پەڕلەمانی بێ ئەرزش دەکات، وەک ئەوەی ئێستا. ئەوکات ڕەخنە و زانیارییەکانیش ھیچ بەھایەکیان نامێنێت. بەداخەوە زۆرێک لەو پەڕلەمانتارانەی پێشتر ڕاگەیاندنکار بوون، کە ژمارەشیان لەم خوولەدا زۆرە، بە ھەمان نەفەس و میکانیزمی کاری ڕاگەیاندن کاری پەڕلەمانی دەکەن، بۆیە زیانی گەورەیان لە کاری پەڕلەمانی و کاری ڕاگەیاندنیش داوە و ھەم پەڕلەمان ئەوەندە بێ ئەرزش بووە کە لە ھیچ خوولێکدا ھێندەی ئەم خوولە « بێ گومان لەپاڵ ھۆکاری تردا » ئاستی دانەبەزیوە، ھەمیش زیانیان لە کاری ڕاگەیاندن داوە و زانیارییەکانیش سەبارەت بە گەندەڵی، ئەو کاریگەرییەیان لەسەر ڕای گشتی و دەسەڵاتیش نەماوە. ئەو ھەموو زانیاری و ھەواڵەی ڕۆژانە پەڕلەمانتاران بڵاوی دەکەنەوە و بەگوێی خەڵکیدا دەدەن، ھیچ جێناھێڵن و بگرە لە قازانجی گەندەڵکارانیشە، چونکە بە ئاسانی دێن و بەئاسانیش ئاوا دەبن! بە ھەموویان نەیانتوانیوە ھێندەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژنامەنووسێکی پڕۆفیشناڵی ڕۆژنامەکانی ئاوێنە و ھاوڵاتی لە خوولەکانی پێشودا لەسەر خەڵکیش و دەسەڵاتیش کاریگەری بەجێبھێڵن!

 

سەرەڕای ئەوە، تێبینی کراوە لە کاتی گرژیی نێوان کوتلە و حیزبەکاندا، پەڕلەمانتارە ڕاگەیاندنکارەکان لەوانی دی توندترن و دەبنە سەرەڕمی ھێرش و ئاگرەکە زیاتر خۆش دەکەن!

 

بۆیە گرنگە لەمەودوا ئەو میکانیزمە بگۆڕدرێت و بۆ خوولەکانی داھاتووش حیزبەکان چاو بخشێننەوە بە کاندیدکردنی ئەو ھەموو ڕاگەیاندنکارە لە لیستەکانیاندا.




AM:10:56:15/05/2020