لەبارەی گفتوگۆکانەوە تا ئیستا حکومەتی بەغدا وەڵامی هەرێمی نەداوەتەوە

لەکاتێکدا لە میدیاکانەوە باس لەوە دەکرێت وەفدێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدا دەکات، بەڵام ئەم هەواڵە راست نییەو، تا ئێستا حکومەتی بەغدا وەڵامی حکومەتی هەرێمی نەداوەتەوە.

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ وەڵامێکی لە حکومەتی بەغداوە پێنەگیووە لەبارەی ئەو گفتوگۆیەی کە بۆ دوو هەفتە بەدوای یەکدا بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ئەنجامدران.

وەفدی حکومەتی هەرێم لە دوا سەردانیان بۆ بەغدا، لەسەر لێکتێگەیشتنی ١/١٢/٢٠١٩ ی نێوان حکومەتی عەبدولمەهدی و هەرێم گفتوگۆ کراوە، کە بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە دەبێت حکومەتی بەغدا مانگانە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار رادەستی هەرێم بکات، هەرێمیش رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ تاکە کۆمپانیای بە بازاڕیکردنی نەوتی عێراق بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە حکومەتی هەرێم تا وەڵامی لەبەغداوە پێ نەگات جارێک هیچ وەفدێک لە هەرێمەوە سەردانی بەغدا ناکات.

 


PM:12:57:16/05/2020