حکومەتی هەرێم لە ڕێگای دەوڵەمەندەکانەوە دەیەوێت مووچەی مووچەخۆران دابین بکات( سپی زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە)

حکومەتی هەرێم ژمارەیەک دەوڵەمەندی هەرێم کۆدەکاتەوەو داوای پارەیان لێدەکات بۆ ئەوەی مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی هەرێم پێش جەژن بدات.


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، لە کۆبوونەوەی ١٢ی ئایاری سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەگەڵ ٢٣ سەرمایەداری هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان خەڵکی هەولێر و دهۆک بوون و، چەند سەرمایەدارێکی سلێمانی تێدابوو، سەرۆکی حکومەت کە بەشداری بەشێکی کۆبوونەوەکەی کردووە داوای یارمەتی لە سەرمایەداران کردووە، تا مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی پێش جەژن بدات.


زانیاریەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت داوای لەو سەرمایەدارانە کردووە کە هەریەکەیان ١٥ ملیۆن دۆلار بدەن بەحکومەتی هەرێم، سێ سەرمایەداریان نەبێت کە ئەحمەد ئیسماعیل و شێخ باز لە هەولێر و شێخ سەعدی کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی کە داوای لێکردوون ئەوان ٢٠ ملیۆن دۆلار بدەن. 
ئەوە لە کاتێکدایە لە ئەسڵدا حکومەتی هەرێم و هەردوو حیزبی حوکمڕان قەرزاری چەند کۆمپانیایەکن، لەو چوارچێوەیەدا، تەنها ئەحمەد ئیسماعیل سەرمایەداری هەولێر قەرزی چوار ملیار دۆلاری کارەبای لەلای حکومەتی هەرێم هەیە، هەروەها باس لەوە دەکرێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان قەرزاری چەند کۆمپانیایەکی سلێمانی یە.
لەو کۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی کە بەشێکی کەمی کۆبوونەوەکە بەشداری کردووە، لەکاتی داواکردنی قەرزدا، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە کە پارەیان لەدەرەوە هەیەو دەیهێنینەوەو قەرزاری ئەو کۆمپانیاکانیان دەدەنەوە.


ئەو هەنگاوانەی حکومەت لە کاتێکدایە کە خەڵکانێکی زۆر باس لەوە دەکەن کە پێویستە هەردوو حیزبی حوکمران ( پارتی ، یەکێتی ) کە بەیاسایی و نایاسایی سوودمەندبوون لەم حکومەتە، پێویستە لە کۆمپانیاکان و دارایی حیزبەکانیانەوە موووچەی چەند مانگێکی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم دابین بکەن.

 
 
لەراگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە" هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابوری بوەتەوەو كورتهێنانێكی زۆرمان هەیە لە داهاتی هەرێمی كوردستان و  بەپێی ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە موچەی موچەخۆران دابەش دەكرێت". 

 
حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (٨٩٤ ملیار) دینارە، بەڵام داهاتەكانی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە، رووی لەكەمی كردووەو تا ئێستاش بەغداد موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە كە مانگانە بڕەكەی (٤٥٣ ملیار) دینارەو، هەموو مانگێک ١٠ ملیار دیناری وەک قەرز دەدرێتەوە بە بانکی بازگانی عێراقی کە لەسالآنی کابینەی پێشوودا لەو بانکەیان وەرگرتووە، بەو پێیە لەو بڕە پارەیەی بەغدا، مانگانە ٤٤٣ ملیار دینار دەگاتە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە.

 
هەروەها " سپی " زانیویەتی کە حکومەتی هەرێم لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی کەمکردنی مووچەوە، پارەی لە بانکە ئەهلیەکانی هەرێم کوردستان وەرگرتووە، کە ئەمە دووەمجارە پەنا بۆ ئەو کارە دەبات لە دوای ساڵی ٢٠١٤شەوە لە کابینەی پێشوودا پارە لەبانکە ئەهلیەکان کێشرایەوە بۆ پێدانی مووچەو دابینکردنی خەرجیەکانی حکومەت. 




PM:08:51:16/05/2020