بەرێوبەری KNN:یەکێتی تەزویر دەکات‌و دەنگەکانی لەسلێمانی لەگەڵ ئێمە یەکسانکردۆتەوە

وشیار عەبدوڵای بەرێوبەری کەی ئێن ئێن‌و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی یەکێتی بە تەزویر تۆمەتبار دەکات‌و دەڵێت " یەکێتی بەشێوەیەکی رێکخراو و لە رێگەی دەسکاری دەنگەکانی ناو نزیکەی ٢٠٠ سندوق ئەنجامی نێوان خۆی بزوتنەوەی گۆرانی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان یەکسان کردوە و ژمارەی کورسیەکانیان وەک یەک دەبێت".
لەوتارێکیدا لەسەر تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک وشیار عەبدوڵا كە لەسەرەتاكەیدا نوسیویەتی رای خۆمە، ئاماژە بە رێژەیەکی زۆر تەزویر دەکات کە ئەو یەکێتی پێ تۆمەتبار دەکات‌و دەڵێت " یەکێتی بە تەزویر کردنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەنگ نەیتوانی پێش گۆران بکەوێتەوە و بە تایبەت بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تەزویریشەوە گۆڕان نزیەکی ٩٠ هەزار دەنگ لە پێش یەکێتیەوە بوو.
هەر دوای رونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە ئەنجامە بەراییەکانی گۆرانیان رەتکردەوە من نوسیم کە ئەوە سینارێۆیەکی مەترسیدارە،دوای بە دواداچونی ورد، بەلێ بەرێزان وا دەرچوو پیلانی ئەمجارە لەسەر دەنگەکانی گۆران لە جاری پیشووی ئەلبیسەکە خەتەر تر بوە "
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی کە کاندیدی گۆڕان بوو بۆپەرلەمانی عێراق‌و بەگوێرەی زانیاریەکان دەنگی پێویستی هێناوە دەڵێت " جاری پێشوو لە فەزیحەی ئەلبیسەکەدا یەکێتی تەنها فریا کەوتبوو دەسکاری فۆرمی سەر سندوقەکان بکات و نەیتوانیبوو دەسکاری فۆرمی دەنگدانی ناو سندوقەکان بکات بۆیە لە کاتی ژماردنەوەی دەنگی ناو سندوقەکان ئەنجامەکانی گۆران راست دەکرانەوە بەڵام ئەمجارە لە نزیکەی ٢٠٠ وێستگەدا دەسکاری فۆرمی سەر سندوق و فۆرمی دەنگدانی هاوڵاتیانیشی زۆر بە مونەزەمی لە ژمارە ی سندوق و فۆرم و ژمارەی کۆدی سندوق کردوە و سودیان لەوە بینیوە کە جاری پیشوو لە چیدا هەڵە بون و ئەمجارە سندوقەکانیشیان گۆریوە و نەتیجەی یەکێتی و گۆڕان یەکسان و نزیک بە یەکسان کراوە و تەنها چەند هەزار دەنگێک گۆران لە پێشە و وا حسابیان کردوە کە هەردولایان وەک یەک و سەرو ١٢ کورسیان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەردەکەوێت.".
وشیار عەبدوڵا نوسیویەتی " لەگەڵ ئەوەی ئەو تەزیرە وەک رۆژی روناک دیارە بەڵام تاکە یەک بەڵگە بەسە بۆ ئەوەی لەو ٢٠٠ وێستگەیەدا بە رونی دیار بێت کە چی بە سەر دەنگەکانی گۆڕاندا هاتوە، لە وێستگەیەکدا بۆ نمونە لەئەنجومەنی پارێزگا، گۆران خۆی ١٧٠ دەنگی هەیە لە سندوقە تەزویرەکدا بۆی کراوە بە ٩ دەنگ، بەڵام بۆ پەرلەمانی عێراق گۆران ١٧٠ دەنگەکەی هەر ماوە، ئەوە لە کاتێکایە لە هیچ وێستگەیەکدا گۆران دەنگی پەرلەمانی عیراقی لە دەنگی ئەنجومەنی پارێزگا زیاتر نەبوە،بەڵکو لە زۆرینەی هەرە زۆریدا دەنگی گۆڕان بۆ پارێزگا زۆر زیاتر بوە لە دەنگی گۆران بۆ پەرلەمان کەچی لەو نزیکەی ٢٠٠ سندوقەدا بەو شێوەیە نیە.".
لەکۆتایی وتارەکەیدا وشیار عەبدوڵا دەڵێت " من نازانم گۆران وەک حیزب چ هەڵوێستێکی دەبێت و ژوری هەلبژاردنەکەی وەڵام و هەنگاوی چارەسەری بۆ پاراستنی دەنگی ئەو خەڵکە چیە ؟ بەتایبەت کە من ئێستا لە کاندیدێکی ئەو حیزبە کە چاوەروانی نەتیجەکەی دەکات زیاتر نیم و هیچ پۆست و بەرپرسیارێتی و ناونیشانێکی ترم نیە، بەڵام لە کەی ئێن ئێن بومایە وەک چۆن لە کارەساتی ئەلبیسەکە بە توندی هاتینە دەنگ لەو پرۆسە مەترسیدارەش توندتر دەهاتینە دەنگ،ئەوە دەنگ و ئیرادەی خەڵکە نە گۆران و نەهیچ لایەک نابێت مساوەمەی لەسەر بکەن.. کورد دەلێ هەموو شت بەخوێ و خوێش بە مانا، وتمان هەڵبژاردن لە سایەی یەکێتی و پارتی مومکین نیە پیس نەبێت، بەڵام ئەوەی یەکێتی کردی حەق نیە نە بێدەنگی لێبکرێت و نە قبوڵ بکرێت ، بەڵکو دەبێ گۆڕانیش و لایەنەکانی تریش و خەلکیش قبوڵی نەکەن وهەموو رێگە مەدەنیەکان بگرنە بەر و لانیکەم دان بە شەرعیەتی ئەنجامەکاندا نەنرێت و کار بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێم چونکە بەراستی ئەو هەڵبژاردنە بەو نەتیجانەوە کە یەکێتی لێوان لێوی کرد لە ساختە هەرگیز گوزارشت لە رای زۆرینەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی ناکات.".


PM:05:19:16/05/2014