بەرهەم ساڵح پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە سەرۆك كۆماری ئێرانەوە پێگەیشت

ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە پێگەیشت.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ‌سەرۆک کۆماری ئێران، حەسەن رۆحانی پێوەكرا و تیایدا لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران، پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد، بەبۆنەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و نزیکبونەوەی ھاتنی چەژنی رەمەزانی پیرۆز، هاوکات لای خۆیەوە بەرھەم ساڵح، سوپاسی سەرۆکی ئێرانی کرد، بۆ ئەو هەنگاوە کە دەبێتەھۆی پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لە نێوان ھەردو وڵات، ھاوکات هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئێران خواست. 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران، بەفەرمی بانگێشتی سەرۆک بەرهەمی کرد، تاوەکو سەردانی ئێران بکات، سەرۆک کۆماریش بەڵێنی دا کە لە کاتێکی گونجاودا سەردانی ئێران بکات".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرەوپێشبردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش کرا لە نێوان عێراق و ئێران، بەجۆرێک کەخزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردو گەلی دۆست بکات، هەروەها ئاماژەکرا بە پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق وەک گرنگییەک لە ناوچەکە و جیھاندا، چونکە سەقامگیری عێراق ئاسایش و سەلامەتی گەلانی ناوچەکە و جیھان بەهێزدەکات.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەردو سەرۆک ئاماژەیاندا بەگرنگی هەماهەنگی زیاتر بۆ روبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش جەختکرایەوە لە کاری هاوبەش بۆ ڕێگری لەبڵاوبونەوەی پەتاکە، لە پێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی هەردو وڵات و مرۆڤایەتی بەگشتی.

لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە دوا گۆرانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە کرا، ھەردو سەرۆک دوپاتیانکردەوە لەسەر پێویستی ھاریکاری ھاوبەش بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ھێنانەدی ئارامی و ئاسایش بۆ گشت گەلانی ناوچەکە.



ئه‌م بابه‌ته ‌220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:08:18/05/2020