حکومەتی هەرێم دەیەوێت پێش جەژن مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بدات

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت پێش جەژنی رەمەزان کە ئەگەر زۆرە رۆژی یەک شەممە بکرێت بە جەژن، مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بدات.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە حکومەتی هەرێم لە رۆژی چوار شەممەو پێنج شەممەشدا مووچەی چەند وەزارەت و دەستەی تر دەدات و لەبەرنامەیەدا ئەگەر پارەی بەردەست هەبێت مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنیش بدات و ئەگەر پێویست بکات پێش جەژن رۆژانی پشووی کۆتایی هەفتەش بانکەکان بکرێنەوە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی دابەشکردنی مووچە دەوام بکەن تا مووچە دابەشبکەن.

 

ئەوە لە کاتێکدایەکە ئەمڕۆ دوو شەممە جگە لە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی هەشت وەزارەتی تری راگەیاند کە بڕیارە سبەی سێ شەممە دابەش بکرێت.

 

دوو مانگە حکومەتی بەغدا ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە رەوانەی هەرێمی دەکردو بڕەکەی ٤٣٥ ملیار دینار بوو، نەیناردووە بۆ هەرێم، هاوکات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتە هەرێم تووشی کورتهێنانێکی زۆر بۆتەوە، ناچار حکومەتی هەرێم جگە لەوەی جارێکی تر پارەی بانکە ئەهلیەکانی راکێشاوە، رۆژی ١٢ی ئایاریش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک سەرمایەدار سازکرد بۆ وەرگرتنی پارە لەو سەرمایەدارانە.



PM:08:16:18/05/2020