سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە

د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی كوردستان و عیراق و جیهان كرد و ڕایگەیاند" لەم جەژنەدا خەڵكی كوردستان ئامێزی تەبایی و برایەتی بۆ یەكتر بكەنەوە و لایەنە سیاسیەكانیش ناكۆكیەكانیان وەلابنێن و سەرەتایەكی نوێی بونیادنراو لەسەر متمانە بۆ یەكڕیزی نیشتمانی دەست پێبكەن".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌ین، ئومێده‌وارین ئەم جەژنە ببێتەمایەی ئارامی و ئۆقرەیی بۆ سەرجەم كوردستانیان و ئاسەوارەکانی نەخۆشی و ناخۆشی و قەیرانەکان بەرۆکمان بەردات.

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، مانگی لێبووردەیی و پاکبوونەوەی ڕۆح و دەروونی مرۆڤەکانە، خۆشییەکانی لەناو سرووتەکانی جەژندا پیرۆز دەکرێن، ھیواخوازم لەم جەژنەدا خەڵکی کوردستان ئامێزی تەبایی و برایەتی بۆ یەکتر بکەنەوەو لایەنە سیاسییەکانیش ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و سەرەتایەکی نوێی بونیادنراو لەسەر متمانە بۆ یەکڕیزیی نیشتیمانی دەستپێبکەن، بۆئەوەی سەقامگیریی یەکجارەکی باڵ بەسەر کوردستاندا بکێشێت.

دووباره‌ جه‌ژنتان پیرۆزبێت و خوای گه‌وره‌ ڕۆژوو و تاعەت و نزاكانتان قبوڵ بكات، هه‌میشه‌ له‌ ئارامی و سەرفرازیدا بژین.




PM:01:15:24/05/2020