سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانێکی نهێنی بۆ تورکیا ئەنجام دەدات

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی لە مانگی رابردوودا سەردانێکی نهێنی بۆ تورکیا کردووەو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کۆبۆتەوە.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، لە هەفتەی دووەمی مانگی نیساندا، مەسرور بارزانی بە سەردانێکی نهێنی چۆتە وڵاتی تورکیا و چاوی بە بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی ئەو وڵاتە کەوتووە.


دەربارەی ئەو بەرپرسانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵیاندا کۆبۆتەوە، بەپێی زانیاریەکانی ( سپی )، لەگەڵ هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای ئەمنی توریکا( میت ) کۆبۆتەوە، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆبووتەوە.


بەرپرسانی تورکیا لەو کۆبوونەوانەدا لەسەر پرسی ( ئاسایش)و بە تایبەتی پرسی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە، هەرچی لایەنی کوردییە باسی لە دۆخی خراپی ئابوری هەرێم کردووە.


حکومەتی هەرێم و هیچ دەزگایەکی فەرمی تری هەرێم تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.


" سپی " زانیوویەتی ماوەیەکە گەرموگوڕیەکی زیاتر بە پەیوەندی ئەو دوولایەنەوە بەدیدەکرێت، هەر لەو چوارچێوەشدا حکومەتی تورکیا وەرگرتنەوەی پشکی مانگانەی ئەو قەرزانەی کە لەلای هەرێم بووە دواخستووە بۆ ساڵی ئایندە، دواخستنی ئەم پشکەی قەرزەکان کە مانگانە هەرێم دەیدا بە تورکیا، بڕەکەی نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلارەو، دواخستنەکەشی بۆ ساڵی ئایندە لەسەر داوای حکومەتی هەرێم بووە.

 
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم شەوی ٢٢ی ئایار لەسەر دۆخی ئابوری هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەرێم ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، بەبێ روونکردنەوەی وردەکاری قەرزەکان، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی باس لە یەک ملیار دۆلارو نیو قەرزی تورکیا دەکەن لەلای هەرێم، ئەمە جگە لەو پارەیەی تورکیا لە نەوتی هەرێم و رۆشتنی بە خاکەکەیدا دەستی دەکەوێت.

 
کۆبوونەوەی نهێنی نێوان بەرپرسانی حکومی و حیزبی هەرێم بەتایبەتی هەردوو حیزبی حوکمڕان ( پارتی و یەکێتی ) لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بابەتێکی نوێ نییەو بەرپرسانی هەرێم و هەردوو حیزب پێشتر چەندان سەردانی نهێنیان کردووە بۆ هەریەک لە تورکیا و ئێران.

 


ئه‌م بابه‌ته ‌4768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:28:24/05/2020