مەلا بەختیار پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم وەرناگرێت

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رەتیدەكاتەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەرگرێت‌و دەڵێت لە کاری حیزبی بەردەوام دەبێت.


دەقی روونکردنەوەکە:


چەند ڕۆژێكە، دەنگۆی ئەوە بڵاوە كە گوایە بەڕێز مەلا بەختیار، كاندیدە بۆ جیگری سەرۆكی هەرێم، ئەمڕۆش، لە مانشێتەكەی-دا ، ڕۆژنامەی هاوڵاتی هەمان دەنگۆی، لەسەر زاری ناو نەهێنراوی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی، دوپات كردۆتەوە. بەم رونكردنەوەیە ڕای دەگەیەنین كە بەڕێز مەلا بەختیار، ئەو پۆستە بەشەرەفێكی سیاسی‌و حوكمڕانی گەورە دەزانێ‌.

بەڵام بۆئەوەی لە كۆبوونەوەی ڕەسمی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، ئەركی وای ڕوو بەڕو نەكرێتەوە، ڕای دەگەیەنیین بەڕێز مەلا بەختیار، لەم هاوكێشە سیاسیانەی ئێستای عێراق‌و كوردستاندا، كە هێشتا یەكێتی مەترسی جۆرا‌و جۆری لەسەرە، هەروا لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەی بەستنی چوارەمین گۆنگرەی سازانی نێوان ئۆرگان‌و هەڤاڵان، نوێگەری ڕاستەقینە لە پەیكەری حیزبایەتی‌و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی كاراتری ئەركە سیاسی، كۆمەڵایەتی، ڕۆشنگەری‌و مەدەنییەكانی یەكێتی، بەڕێز مەلا بەختیار، پێی خۆشە لەگەڵ تەواوی ئۆرگان‌و هەڤاڵە خەمخۆرەكانی یەكێتی، درێژە بەكاری حیزبی‌و ڕۆشنگەری بدات. هیواداریشە، متمانەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بسپێرێتە هەر هەڤاڵێك، بەپێی ئەم قۆناغە سیاسیە نوێیە‌و چەسپاندنی بنچینەكانی سیستەمی حوكمڕانی دیموكرات‌و هاوچەرخ، سەركەوتووبێت.

نوسینگەی ڕۆژنامەگەری هەڤاڵ مەلا بەختیار
18/5/2014





PM:02:06:18/05/2014