هەڕەشە لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیەک دەکرێت.."دەبێت لە شەممەوە تا پێنج شەممە دەوام بکەن"

جێگری سەرۆکی شارەوانی ئاگاداری سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان دەکاتەوە کە لە ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەتا پێنج شەممە بە بێ هیچ تەناوبێک دەبێت دەوام بکەن و بەپێچەوانەوە لەکار لادەبرێن. 

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی" کەوتووە ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی بە لێپرسراوی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی ڕایگەیاندووە " سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕۆژی شەممە تا پێنج شەممە دەوامی ڕەسمیانە بەبێ هیچ تەناوبێک، هەر لێپرسراوی بەشێک تەناوب بە باخەوان و کارمەندە کاتییەکانی بدات ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر کرێکارە کاتییەکەی دەکرێت و لادەبرێت". 

جێگری سەرۆکی شارەوانی داواشی لە لێپرسراوی بەشەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە کردووە کە ئاگاداری سەرجەم باخەوان و کارمەندانیان بکەن ئەوانەی کاتین واتە گرێبەستن نابێت بە هیچ شێوەیەک تەناوبیان هەبێت، "هەر کەسێک بەو جۆرە دەوام نەکات ئاگادارمان بکەنەوە، چونکە ئەمرێکی بۆ دەرەکەین بۆ لابردنی و دانانی کەسێکی دیکە لەشوێنی".

ئەو بڕیارەی ناوبراو لەکاتێکدایە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتیە لە کاتی کەرەنتینەدا باخەوان و کارمەندانیان هاوشێوەی تەندروستی و هێزە ئەمنیەکان لە ئەرکدا بوون و لە ئێستاشدا کە دەوامی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە زیاد دەکرێت زۆرینەی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەکانی دیکە بە تەناوب دەوام دەکەن.

هاوکات هەر بەگوێرەی زانیاریەکان زۆرینەی کارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە کە خزمەتکردنی باخ و پارکەکانی شاریسلێمانییە بە کارمەندانی گرێبەست بەڕێوە دەچێت و بەشێک لە کارمەندەکانی ماوەی (۷-۱٥) ساڵە بە گرێبەست کاردەکەن و نەکراون بە هەمیشەیی.



PM:06:10:28/05/2020