تەندروستی هەرێم: سەرچاوەی تووشبوونی هاووڵاتییان بە کۆرۆنا نادیارە

وتەبێژی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەوەی جێی مەترسییە لای ئێمە بە پەتایی کۆرۆنا، ئەوەیە کە سەرچاوەی تووشبوونی نەخۆشەکان بە ڤایرۆسەکە نادیارە".

 

د. محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٠ ڕایگەیاند" رەوشی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێكیان تەندروستییان جێگیرە و بەشێكیشیان پێویستیان بە ئۆكسجینە و بە ئاسانی هەناسەیان پێ‌ نادرێت".

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم وتیشی" ئەوەی جێی مەترسییە و پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و گرنگی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بدەن، ئەوەیە كە سەرچاوەی تووشبوونی بەشێكی ئەو كەسانە نیشانەكانیان لێ‌ دەرکەوتووە و نادیارە، بۆیە نازانرێت چەند كەسی تری تووشی ڤایرۆسەکە بووە، دەبێت هاووڵاتییان مەترسییەكە بە گرنگ وەربگرن".

 

لە بارەی قەدەغەی هاتووچۆ د. محەمەد قادر خۆشناو ڕاشیگەیاند" هەتا ئێستا هیچ بڕیار و پێشنیارێک نییە بۆ قەدەغەی هاتووچۆ، تەنها داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە زیاتر پابەندی ڕێنماییەکان بن".

 

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێ، كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان ٦٠٦ تووشبوون، لەناویاندا شەش مردن هەیە و ٤٠٩ نەخۆش چاك بوونەتەوە، لە ئێستاشدا ١٩١ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.

 

 
 
 


AM:10:31:31/05/2020