عێراق بەبێ رێککەوتن لەگەڵ هەرێم هیچ بڕە پارەیەکی تر نانێرێت

وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت" تا رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت لەمەودا هیچ بڕە پارەیەکی تر نانێرین بۆ هەرێمی کوردستان".

 
لە کاتێکدا چەند پەرلەمانتارێکی لیستە جیاجیاکانی پەرلەمانی عێراق دەستیان بەرەخەنگرتن کرد لە وەزیری نوێی دارایی عێراق، عەلی عەلاوی لەسەر ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم و دوای روونکردنەوەیان لێکرد، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو ئاشکرای دەکات" ئەو بڕە پارەیە کە بۆ هەرێم خەرجکراوە بەشێکە لە حسابی هەرێم بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی، لەنێویادا موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسانی رابردوو".

 
هەروەها لەو روونکردنەوەیەدا هاتووە " بەپێی رێککەوتنێک کە لەگەڵ هەرێم کراوەو بەگوێرەی نوسراوی (٨٠٩) لە ٢٠٢٠/٥/١٩، بۆ مانگی حوزەیرانی داهاتوو، دەبێت هەردولا "بەغدادو هەولێر" دەست بە کۆبونەوەی چڕ بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بنەمای یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵی".


هەروەها هاتووە " ناردنی بڕە پارەی مانگی ئایندە دوای گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەرێم و بەغداد جێبەجێدەکرێت".

 
وا پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا وەفدێکی هەرێم بۆ ریککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجەو داهات و نەوت سەردانی بەغدا بکات بەمەبەستی گەیشتن بەرێککەوتنی کۆتایی نێوان هەردوولادا.

 


PM:07:10:31/05/2020