ژووری ئۆپراسیۆنەكانی راپەڕین پێنج بڕیاری نوێی دەرکرد

ژووری ئۆپراسیۆنەكانی راپەڕین  راگەیەنراوێكیان لەسەر رێنماییەكانی بەڕەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە.

لەراگەیەنراوەكەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی راپەڕیندا هاتووە، بەهۆی تەوژمی بێبەزەییانە و توندی ئەمجارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ئەم نەخۆشیە لە هەرێمی كوردستان و مەترسیەكانی لەسەر ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان ئەمڕۆ دوشەممە كۆبونەوەی ژوری ئۆپراسیۆن بەمەبەستی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بەیانی ژمارە 38ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو، بڕیاردراوە

یەكەم: داخستنی سەرجەم دوكان و بازار و عیادە و نۆڕینگەی پزیشكی و تێكڕای ئەو شوێنانەی لە بەیانەكەدا ناویان هاتوە، جگە لە دەرمانخانەی ئێشكگر و نانەوا خانەكان.

دوەم: هەمو چەشنە هاتوچۆكردنێك لە نێوان ئیدارەی ڕاپەڕین و سەرجەم پارێزگا و  ئیدارەكانی تری هەرێمی كوردستان قەدەغەیە، جگە لە تیمەكانی تەندروستی و هێزە ئەمنیەكان و كارمەندانی گومرگ و راگەیاندن و جوڵەی بازرگانی و سوتەمەنی.

سێیەم: هاتوچۆی نێوان سەرجەم شارو شارۆچكە و یەكە كارگێڕیەكانی ئیدارەی راپەڕین قەدەغەیە جگە لەوانەی لە بڕگەی دوەمی ئەم ڕاگەیەنراوە ئاماژەی پێكراوە.

چوارەم: دەستپێكردنی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە و زەرورەتی مانەوەیان لەماڵەوە و داخستنی دوكان و بازاڕ و پابەندبونیان بە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل لەلایەن تیمی هۆشیاری هاوبەشی و تەندروستی و ئاسایش و پۆلیس و هاتوچۆ.

پێنجەم: بەردەوامبونی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكان (ئاو، كارەبا، تەندرووستی، پاككرنەوە)، بەڕێوەبەرایەتیەكان رێكاری پێویست دەگرنەبەر.

PM:06:58:01/06/2020