ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر ژمارەیەک بڕیارو راسپاردەی نوێی دەرکرد

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر ژمارەیەک بڕیارو راسپاردەنی نوێی دەرکرد کە گرنگترینیان" لەبەر بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بڕیاردرا لە سبەی 2020.6.3 کاتژمێر (6)ی ئێوارە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەکان کۆتایی پێبهێنرێت.     

 
ڕاگەیەندراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە



ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 2020.6.2، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیار و ڕاسپاردانەی خوارەوە:-                                                       


یەکەم/ بەناوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پێویستی دەزانین سوپاس و ستایشی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەین، کە بەهەق نموونەیەکی جوان و شارستانیان لە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی قەدەغەی هاتوو چۆ نیشاندا و ئێمەیان سەربەرز کرد.                                                           


دووەم/ دوای ئەو کۆبوونەوەی کە ئەمرۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکان ئەنجامدرا، لەبەر بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بڕیاردرا لە سبەی 2020.6.3 کاتژمێر (6)ی ئێوارە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەکان کۆتایی پێبهێنرێت.                                                                  


سێیەم/ سەرجەم دوکان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کرابوونەوە دەکرێنەوە بە مەرجی جێ بەجێ کردنی ڕێنامایی خۆپارێزی تەندروستی وورد کە بۆ هەر سێکتەرێک کۆمیتە و لێژنەی تایبەتمەند لەلایەن فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ بەدوا داچوون و چاودێریکردن و جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێنماییانە پێکهێنراوە، بۆیە داواکارین هەموو هاوڵاتییان و ئەو شوێنانەشی کە کاردەکەن پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر شوێنێک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.                                                    


چوراەم/ ڕاگرتنی هاتوو چۆ بەشێوەیەکی تەواو لە نێوان سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق، بەپێی خاڵی یەکەمی بەیانی ژمارە(38)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا کاتژمێر (12)ی شەوی 2020.6.6، بەداخراوی دەمێنێتەوە.


پێنجەم/ هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، هەموو توانای خۆمان لەپێناوی پاراستن و پارێزگاریکردنیان خستۆتەگەڕ، بەهەموو شێوەیەکیش لە هەوڵەکانمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و بەدوورگرتنی هاوڵاتیانمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە و سەرچاوەی تەشەنەکردنەکەشی نادیارە، تووشبوانی ئەم دوایەش بەم ڤایرۆسە حاڵەتەکانییان ناجێگیرە و سەرچاوەی توشبونییان نادیارە، بەداخەوەش لەشارەکەماندا بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانییان لە دەستدا، بۆیە داواکارین و تکا لە هاوڵاتیانی شارەکەمان  دەکەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن و زۆر هەستیارانە مامەڵە بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و دەستکێش و دەمامک ببەستن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان و سەلامەتی هاوڵاتییانی.                                     




ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.6.2

 


PM:08:49:02/06/2020