لە بارەی دۆخی سیاسی‌و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە

بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرەتا خۆی کۆدەبێتەوەو، دواتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان کۆدەبێتەوە.

 
 كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە "بڕیارە مەكتەبی سیاسیی پارتیمان لەبارەی رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق كۆببێتەوە و، كۆبوونەوەكەش چەند پرسێك لە خۆ دەگرێت، لەوانە پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنەكانی دیكە، ھەروەھا پرسی بەشداری لە حكوومەتی عێراق و رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا تەوەرێكی دیكە، پرسی بژێویی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەبێت".


، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، دەڵێت "بڕیارە ھەردوولا كۆببینەوە لەبارەی چارەسەركردنی كۆی پرسەكان، بێگومان بە یەك كۆبوونەوەش ھیچ پرسێك چارەسەر ناكرێت، بەڵكو چەند كۆبوونەوەیەك پێویستن لە نێوان ھەردوولا".


کاکە ئەمین نەجار لە کۆتایی قسەکانیدا "پارتی ھەمیشە بڕیار و ھەڵوێستی ئەوە بووە، لە كاتی ھەبوونی ھەر كێشەیەك لە رێگەی دانوستان و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت، ئێستایش پارتی ئامادەیە بۆ ھەر پرسێك نەك لەگەڵ یەكێتی، بگرە لەگەڵ ھەر لایەنێكی دیكە كۆببێتەوە".

 


PM:12:26:03/06/2020