حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی لە بارەی هاووڵاتیان و مووچەخۆران دەركرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/3 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەشت بڕیاری نوێدرا.

بە پشتبەست بە ئەحكامـی ماددەی (هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمـی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 1992 هەمواركراو، و لە پێناوی سووککردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون، و لەبەر رۆشـــــنایی كۆنووسـی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (27) لە 5/5/2020، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا به:

1. لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكه‌، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بەپێـی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.

2. بەخشینی هاووڵاتیيان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیيەکانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە، وەک ڕێکاریی خۆپارێزیی.

3. دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاوڵاتيیان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكومی و شارەوانيیەكان له‌ ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.

4. لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.

5. بڕی (15٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15/6/2020.

6. پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكیيەكانی دیكه‌ كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانیيەوە.

7.داشکاندنى ڕێژەی 15% لە سەدا پازدە لەو پێشینانەى حکومەت کە لەلای هاوڵاتیيانە وەک (پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیـریی و قەرزى بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێک هاووڵاتیيان ئامادە بن تا ڕۆژى ١٥ى تەمموزی 2020 تەواوى بڕى پێشینەکان بۆ حکومەت بگەڕێننەوە، و ئەم بڕگەیە قەرزە بازرگانییەکان ناگرێتەوە کە بە کۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەک ئاسانکاریی بانکی لەلایەن بانکە بازرگانییەکانەوە.

8. وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.

PM:06:39:03/06/2020