پزیشکان هۆشداریی دەدەنە حکومەت

پزیشكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان هۆشداری دەدەنە حكومەت و دەڵێن" سەرەڕای بوونی نەختینە، و پارەی بەردەست بەڵام حکومەت خەمساردە لە پێدانی مووچەکانمان".

 

پزیشکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەشدەکەن" لەبارەی دەنگۆی دەستکاری موچە و کەمکردنەوە و بڕینی دەرماڵەی مەترسی و خواردن و دەرماڵەکانی دیکە، ڕایدەگەیەنین کە لە ئەگەری هەر کەمکردنەوەیەک لە موچە و شایستە داراییەکانماندا توندترین هەڵوێستمان دەبێت و هۆشیاری دەدەینە حکومەت کە دەست بۆ موچەی فەرمانبەرە ڕاستییەکانی نەبات و لە جێی ئەوە هەوڵی چاکسازی ڕاستەقینە بدات و موچەی بندیوارەکان ببڕێت بۆ چارەسەرکردنی قیرانی دارایی".

 

دەقی راگەیەندراوەكە: 

 

پەیامێک لە پزیشکانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتی 

وەک ئاگادارن لە دوای زیاد لە 50 ڕۆژ دواکەوتن و پاش وەرگرتنی موچەی مانگی 1/2020، سەرەڕای دواکەوتنی موچەی 4 مانگمان لەبەر بەرژەوەندی هاونیشتمانیان و پاراستنی تەندروستیان بڕیارماندا بە بەردەوامیدان بە دەوامی فەرمیمان لە بەرواری 6/5/2020ەوە بۆ ماوەی مانگێک و لەئێستاشدا و پاش نزیکبونەوە لە کۆتایی ئەو ماوەی دیاری کرابو وەک پزیشکان ڕایدەگەیەنین کە لە ئەگەری وەرنەگرتنی موچەی مانگی 2 پێش تەواو بونی ماوەی ئەو مانگەی دیاریکرابو ئەوا لە ( ڕۆژی شەممە بەرواری 6/6/2020 کاتژمێر 8 ی بەیانی ) تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان بە شوێنە فریاگوزاری و ساردەکانەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیاندا چۆڵ دەکەین و بەرپرسیارییەتی ڕودانی هەر دۆخێکی نەخوازراو و مەترسییەک لە پاش چۆڵکردنی شوێنەکان لەسەر ئەستۆ و بەرپرسیارییەتی حکومەت دەبێت کە ئامادە نییە سەرەڕای بەردەستبونی نەختینە پارەی پێویست موچە دابەشبکات. 

لە هەمان کاتدا و لە پاش بڵاوبونەوەی پلانی دەستکاریکردنی شایستە داراییەکانمان بە کەمکردنەوە و بڕینی دەرماڵەی مەترسی و خواردن و دەرماڵەکانی تر وەک بەشێک لە پلانی بەناو چاکسازی، دەمانەوێت ڕایبگەیەنین کە لە ئەگەری هەر کەمکردنەوەیەک لە موچە و شایستە داراییەکانماندا توندترین هەڵوێستمان دەبێت و هۆشیاری دەدەینە حکومەت کە دەست بۆ موچەی فەرمانبەرە ڕاستییەکانی نەبات و لە جێی ئەوە هەوڵی چاکسازی ڕاستەقینە بات و موچەی بندیوارەکان ببڕێت بۆ چارەسەرکردنی قیرانی دارایی.

پزیشکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان. 
چوارشەممە 
3/6/2020

 



AM:08:36:04/06/2020