جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە هاوڵاتیان دەکات نەخۆشی کۆرۆنا بەجددی وەربگرن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا روویكردەوە هاوڵاتیان رایگەیاند" داوا و تكاتان لێدەكەم با ئەم نەخۆشییە بەجددی وەربگرین، ئەم نەخۆشییە گاڵتە نییە، ئەم نەخۆشییە سیاسەت نازانێت و دەستكردی حكومەت و خەتای یەكێتی و پارتی نییە، ئەم نەخۆشییە بەرۆكی جیهانی گرتووە و لەناومان بڵاوبۆتەوە و داواكارم رێكار و رێنماییەكان بەجددی وەربگرین، لەبەر خاتری من و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان نا، بەڵكو لەبەر خاتری خۆتان، نەهێڵن كەسانی بەناو سیاسی ئەم پڕۆسەیە بەلاڕێدا ببات تا دەعمی بۆچوون و بەرنامەكانی خۆیان بكات".
ئاماژەی بەوەشکرد" ئەگەر ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، ئەوا کەرتی تەندروستی بەرگەی کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە ناگرێت و رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبینەوە".
قوباد تاڵەبانی داواشی کرد، هەموان پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا تێبپەڕێنین.