لەیلا گیوڤەن: بۆ نوێنەرایەتیكردنی كوردان پێویستمان بە پەرلەمانتاری نییە

دوای دەستگیركردنی لەیلا گیوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند" با دڵی گەلەکەمان ئاوەڵا بێت. تاریکترین ساتی شەو، نزیکترین ساتە لە ڕۆژەوە، ئێمەش زۆر لە سەرکەوتنەوە نزیکین، ئەوەی لە تەنگاوی و قەیراندایە ئێمە نین". گیوڤەن لە پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاندووە" ئەوان بۆ نوێنەرایەتیكردنی كوردان پێویستیان بە پەرلەمانتاربوون نییە.". 

 

لەیلا گیوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە كە رۆژی پێنج شەممە  دوای لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی پەرلەمانتاری دەستگیر كرا  لە پەیامێكی نوسراودا دەڵێت" ئێمە نوێنەری گەلێكین، كە نكۆڵی لە ناسنامە، كولتور و بوونی دەكرێت. بوون بە نوێنەری گەلێك كە هەموو تێكۆشانی خۆی بۆ بوونی ماددی و مەعنەویی خۆی فیدا دەكات، كارێكی ئاسان نییە.".

ئەو لە پەیامەكەیدا كە بۆ ئاژانسی ژن نیوزی ناردووە دەشڵێت" سەرباری هەموو شتەكان، ئێمە شوێنكەوتوی میرات و رێگا و نەریتێكی تێكۆشانین. بۆ نوێنەرایەتیكردنی كوردان پێویستی بە پەرلەمانتاربوون نییە. ئێمەش وەكو هەڤاڵانی ترمان لە هەموو گۆڕەپان و جومگەكانی ژیاندا درێژە بە تێكۆشانی خۆمان دەدەین". 

گیوڤەن لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئێمە وەکو ژنێکى کورد پەیمانمان بە گەلەکەمان داوە، تاوەکو گەلی کورد ئازاد نەبێت ئەوا تێکۆشانی ئێمە لە هەموو دۆخ و قۆناغێکدا بەردەامیی دەبێت. سەرەتا و لە پێش هەموانەوە سڵاوی خۆم پێشکەشی جۆلەمێرگ و هەموو گەلەکەم و خۆشەویستانم دەکەم. با دڵی گەلەکەمان ئاوەڵا بێت.  تاریکترین ساتی شەو، نزیکترین ساتە لە رۆژەوە. ئێمەش زۆر لە سەرکەوتنەوە نزیکین. ئەوە ئێمە نین، کە لە تەنگاوی و قەیراندا بین. 

رۆژی پێنج شەممە پەرلەمانی توركیا مافی پارێزبەندی لە هەریەكە لە موسا فاریس ئۆگیولای، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد و لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (كەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ و پەرلەمانتارێكی جەهەپەسەندەوە و دوێنێ پەرلەمانتارەكمانی هەدەپە دەستگیر كران. 

 


PM:12:48:06/06/2020