بەشیر حەداد: كازمی بەڵێنیدا شایستە داراییەكانی ھەرێم بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت" سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیداوە بابەتی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی".

 

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ شەممە ٢٠٢٠/٦/٦ د.بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد" لەکۆبوونەوەکەدا بابەتە گرنگەکانی ئێستای ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق و مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و پەلەکردن لە ھەڵگرتنی ھەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، تاوتوێ کراون". 

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکراشیکردووە، هەر لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە کە بابەتی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و خەرجکرنی پارەی گەنمی جوتیاران بخاتەناو بەرنامەی لەپێشینەی کابینەکەی.




AM:12:01:07/06/2020