"ئەمەی ئێوە دەیکەن لەترسی خۆپیشاندانی خەڵک، دروستکردنی پردێکە بۆ پەڕینەوە بەرەو کارەسات و دۆزەخ"

ڕۆشنبێرێکی شاری سلێمانی دەڵێت" لەسەرەتاوە گوتوومانە ئۆباڵی هەر قوربانیەکی کورۆنا بە گەردنی حکومەتی هەرێمە، چونکە خەڵکی خستۆتە بەردەم دوو ئیختیارەوە یان هەڵبژاردنی مردن بە کورۆنا یان هەڵبژاردنی مردن لەبرساندا".

 

هونەر تۆفیق، کە ڕۆشنبێرێکی شاری سلێمانییە بە ناونیشانی " کاکە لاک داونی کەنەوە و دایخەن " نامەیەک ئاڕاستەی هەر یەک لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەکات و دەڵێت" لەسەرەتاوە گوتوومانە ئۆباڵی هەر قوربانیەکی کورۆنا بە گەردنی حکومەتی هەرێمە چونکە خەڵکی خستۆتە بەردەم دوو ئیختیارەوە یان هەڵبژاردنی مردن بە کورۆنا یان هەڵبژاردنی مردن لەبرساندا، ئێوەش مەسولیەتی ئیداری و ئەمنی و تەندروستیان لەسەرشانە،  تێدەگەین دەستەوەستانن لەنێوان هەردوو هەڵبژاردنەکەی خەڵکدا . بەڵام ئەمەی ئێوە دەیکەن لەترسی خۆپیشاندانی خەڵک، دروستکردنی پردێکە بۆ پەڕینەوە بەرەو کارەسات و دۆزەخ". 

 

هونەر تۆفیق لە بەشیکی تری نوسینەکەیدا ڕاشیگەیاندووە" ناڕەحەت مەبن کە دەڵێین ئەم قەیرانە دارایی و تەندروستیە درەنگ یازوو گۆڕانکاری بەسەر هەیکەل و بوونی حکومەتدا دێنێت، لەبەر ئەوە کردنەوەکە ئەگەر دوای بخات بەڵام زەرەرێکی ترسناک بەسەر تەندروستی گشتی خەڵکدا دێنێت و ئۆباڵ و مەسولیەتەکەی لەسەر شانی هەرسێکتانە". 

 

 

نامەیەکی کراوە بۆ هەڤاڵ و ئاوات و سەباح

 
هونەر تۆفیق

 
کاکە لاک داونی کەنەوە و دایخەن :

 
لەسەرەتاوە گوتوومانە ئۆباڵی هەر قوربانیەکی کورۆنا بە گەردنی حکومەتی هەرێمە چونکە خەڵکی خستۆتە بەردەم دوو ئیختیارەوە یان هەڵبژاردنی مردن بە کورۆنا یان هەڵبژاردنی مردن لەبرساندا ..

 
ئێوەش مەسولیەتی ئیداری و ئەمنی و تەندروستیان لەسەرشانە .. تێدەگەین دەستەوەستانن لەنێوان هەردوو هەڵبژاردنەکەی خەڵکدا . بەڵام ئەمەی ئێوە دەیکەن لەترسی خۆپیشاندانی خەڵک ، دروستکردنی پردێکە بۆ پەڕینەوە بەرەو کارەسات و دۆزەخ !!

 
ئەو جوهدەی لە هەڵمەتی خۆپارێزیدا سەرفی دەکەن کە خۆشتان باش دەزانن کاریگەری نابێت ، لە ڕوونکردنەوەی پێویستی لاک داوندا سەرفی بکەن سودبەخشترە . چونکە ئاوا بەکراوەیی بیهێڵنەوە لەگەڵ ئەوەدا بازاڕ و کەسابەت نزیکە لە سفر و کردنەوەکەی هیچ لە وێرانەیی قەیرانە داراییەکە ناگۆڕێت و دەبێتە هۆکاری زیاتر تەشەنەکردنی پەتاکە . خەڵک بەرگەی هەردوو کارەساتەکە بەیەکەوە ناگرێت ، هیچ نەبێت با کارەساتی دووەم ڕوونەدات ..

 
ئەو ئەزموونی کرانەوەیە لەسویدا بۆ هەرێمی کوردستان دەستنادات . لەبەر ئەوەی سروشتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی سویدیەکان تاکەکانیان بەخۆیان دوورن لەیەکەوە چ جای ئەوەی پەتایەکیش هەبێت ، بەڵام سروشتی کۆمەڵگەی کوردی چڕ و پێکەوە نوساوە . هێشتا لەسەدا ٢١ی توشبووەکانی سوید لەو ڕەگەزە رۆژهەڵاتیانەن کە لە پەیوەندی کۆمەڵاتیاندا نزیک و چڕن لەناو یەکدا .

 
ناڕەحەت مەبن کە دەڵێین ئەم قەیرانە دارایی و تەندروستیە درەنگ یازوو گۆڕانکاری بەسەر هەیکەل و بوونی حکومەتدا دێنێت ، لەبەر ئەوە کردنەوەکە ئەگەر دوای بخات بەڵام زەرەرێکی ترسناک بەسەر تەندروستی گشتی خەڵکدا دێنێت و ئۆباڵ و مەسولیەتەکەی لەسەر شانی هەرسێکتانە ..

 
ئاساییە و عینادی ناوێت . وەکو ئەوەی تێگەیشتنی زانستی بۆ سلوک و جۆری ڤایرۆسە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ڕا و ڕای پێچەوانەی لەسەر دروستبووە ، شەرمی ناوێت و ئاسایشە بڕیار و بڕیاری پێچەوانەش بۆ چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی دروست ببێت . بۆیە پێتان عەیبە نەبێت و لەپرسیارە بترسن کە بڵێت کردنەوەت لەچی و داخستنەوەت لەچی !! چونکە سلوکی تەشەنەکردنی ڤایرۆسە بڕیارتان پێدەدات نەک خۆتان ..



 


AM:11:37:10/06/2020