شاسوار عەبدلواحید داوا دەکات بەغدا راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبکات

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت" هەرچەندە ماوەی دوو هەفتەیە حکومەتی هەرێم ٤٠٠ ملیار دیناری لەلایەن بەغداوە بەدەستگەیشتووە، بەڵام تائێستا ئەو پارەیە بۆ موچەی فەرمانبەران دابەشنەکراوە". 

 

شاسوار عەبدلواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تویتەر" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە" بەر لە دو هەفتە حکومەتی نوێی عێراق ٤٠٠ ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێم ناردوە، هەرچەندە هەرێم نەوتیشی رادەستی ناوەند نەکردبوو، بەڵام تائێستاش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە".

 

باسی لەوەشکردوە" پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی ناوەند پارە دەدات بەوان (حکومەتی هەرێم) و بۆچی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی ناکات؟، نهێنی ئەو هەنگاوە چیە؟".

 

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجکردنی ئەو پارەیەی بەغدا کە بۆ موچەی فەرمانبەرانی ناردوە رایگەیاندوە" حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ نزیکەی ٣٨٠ ملیار دینار لە سەرمایەدار و کۆمپانیاکان قەرزکردوەو گەرەنتی ئەوە پێداون لە ماوەی مانگێکدا پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بۆیە لەگەڵ گەیشتنی ٤٠٠ ملیارەکەی بەغدا، ئەو پارەی حکومەت کە قەرزکردبوو بۆ خاوەن قەرزەکان دەگەڕێندرێتەوە". 

 




PM:01:57:11/06/2020