هەولێر..بەهۆی سووتانی باڵەخانەیەک گەنجێک گیانی لەدەستدا

ئەمڕۆ له‌ روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستدا و ١٥ كه‌سیش رزگاركران.

 

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر رایگەیاند" ئاگرەکە لە گەڕەکی کوردستان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە کەوتەوە، بەو هۆیەوەیە گەنجێک گیانی لەدەستداوە و زیانێکی ماددی زۆریش بەر دووکانەکانی ژێر باڵەخانەکە و باڵەخانەکە کەوتووە، ١٥ كه‌سیش رزگاركران".

 

نەبەز عەبدولحەمید وتیشی" ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام دووکەڵێکی چڕ نێو باڵەخانەکەی داپۆشیوە، زیانی گیانی هەبووە، تاوەکو ئێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە ئەویش گەنجێکە و کوردی ڕۆژئاوای کوردستانەو خەڵکی عەفرینە".

 

باڵەخانەکە چوار نهۆمییە و ژێرەوەی باڵەخانەکە چەند دووکانێکی فرۆشتنی موبەریدەی لێیە، بەوتەی شایەتحاڵەکان سەرچاوەی ئاگرکەوتنەوەکە پووشی موبەریدە بووە پاشان ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە، بەهۆی ئەوەی باڵەخانەکەش پلیکانەی دەرچوونی فریاکەوتنی نییە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی کرێنەوە هەوڵی دەرهێنانی نیشتەجێبووانی نێو باڵەخانەکە دەدەن.

 
 


PM:02:48:11/06/2020