راگەیاندنی هاوبەشی ئەمەریکاو عێراق: ئەمەریکا هەوڵ نادات بنکەیەکی لەشکری هەمیشەیی لە عێراق هەبێت

ئۆفیسی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی هاوبەشی وڵاتەکەی و عێراق بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی وتووێژی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات کە تیایدا هاتووە " هەروەها ئەمەریکا جەختیکردووەتەوە هەوڵ نادات بنکەیەکی لەشکری هەمیشەیی لە عێراق هەبێت یان بە بەردەوامی هێزی لەشکری لەوێ هەبێت".

 
ڕاگەیاندنەکە شەوی پـێنجەشەممە بڵاوکرایەوە و تیایدا نووسراوە بەپـێی ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی 2008 ی نێوان هەردوو وڵات، وتووێژ لە نێوان هەردوولا ئەنجامدرا لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە. هەریەک لە عەبدولکەریم هاشم مستەفا، گەورە بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و دەیڤد هێڵ، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی، سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکانیان کرد.

 
بەپـێی ڕاگەیاندنەکە، هەردوولا وتووێژیان لەسەر کۆمەڵێک تەوەر کردووە، لەوانە ئاسایش، نەهێشتنی تێرۆرزم ، ئابوری، وزە، بابەتە سیاسیـیەکان و پەیوەندیـیە ڕۆشنبیریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 
هەردوو وڵات جارێکی دیکە جەختیان کردووەتەوە سەر ئەو پـرنسیپانەی لە ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لەسەری ڕێکەوتوون وە ئەوانەشی لە یاداشتنامە دیپـلۆماسیـیەکان و نامەکانی عێراق بۆ ئەنجومەتی ئاسایشی نێودەوڵە

تی ئاماژەیان پـێکراوە لە نامەی ژمارە(S/2014/440) لە 25 ی مانگی شەشی 2014و نامەی ژمارە (S/2014/691) لە 20 ی مانگی نۆی 2014 .
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتیکردووەتەوە کە ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێت، لە یەکپارچەیی خاکەکەی، وە لە بڕیارە پەیوەستانەی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانەری و جێبەجێکاری عێراق دەرچوون (تەشریعی و تەنفیژی).

 
سەبارەت بە بابەتەکانی ئابوری و وزە، هەردوو وڵات درک بەوە دەکەن عێراق ڕووبەڕووی چ گرفتێکی زۆری ئابوری بووەتەوە لە ئەنجامی پەتای کۆڤید- 19 و دابەزینی نرخی نەوت.

 
هەردوولا باسیان لەوە کرد کە پـێویستە عێراق چاکسازیـیەکی بنەڕەتی بکات لە ئابوریـیەکەی. ئەمەریکا تاوتوێی ناردنی ڕاوێژکارانی ئابوری بۆ عێراق کرد، تاوەکو ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق کاربکەن لەپـێناو یارمەتیدانی لە زیادکردنی ئاستی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەوڵە چاکسازیـیەکانی حکومەتی عێراق، لەوانە ئەو پشتیوانیانەی لەلایەن دامودەزگا دارایـیە نێودەوڵەتیـیەکانەوە پـێشکەش دەکرێن بۆ دەستپـێکردن بە پـلانی ڕژدی چاکسازی گەورەی ئابوری.

 
هەردوو حکومەت تاوتوێی شیانی ئەنجامدانی پـرۆژەی وەبەرهەمێهانیان کرد لە کەرتی وزە و بوارەکانی دیکە و تیایاندا کۆمپانیا جیهانیـیەکانی ئەمەریکا بەشداربن بەو مەرجەی بارودۆخەکە بۆ کارکردن لەباربێت.

 
سەبارەت بە بابەتە سیاسیـیەکان، ئەمەریکا لە پاڵ عێراقدا دەبێت نەک تەنیا لە ڕێگەی هاوکاری پتەوی دووقۆڵی لە بواری ئاسایشی و سیاسی، بەڵکو لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی عێراق و حکومەتە نوێـیەکەشیـیەوە.

 
هەردوو وڵات جەختیان کردووەتەوە سەر گرنگی یارمەتیدانی عێراق لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت و چاکسازیـیەکانی بە شێوەیەک خواستەکانی خەڵکی عێراق بەدی‌بهێنێت، وەکو هەوڵە مرۆیـیەکان ، گەڕاندنەوەی سەقامگیری ، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی وڵاتەکە و ڕێکخستنی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا و بێگەرد.
ئەمەریکا جەختیکردووەتەوە کە بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیـیەکانی پـشتیوانی بەردەوامی دەبێت بۆ ئامادەکاریـیەکان عێراق دەیکات بۆ هەڵبژاردنەکان و هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کارئاسانی بۆیان، بە تایبەتی کەمینەکانی لەلایەن داعشەوە کرانە ئامانج بە مەبەستی لەناوبردنیان.

 
سەبارەت بە هاوبەشی ئاسایشی، هەردوو وڵات ئەو بەرەوپـێشچوونە دەبینن کە بەدەستهاتووە لە نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش، بۆیە لەسەر ڕۆشنایی ئەمە، ئەمەریکا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە عێراق، وە وتووێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجام دەدات لە بارەی شێوازی ئەو هێزانەی دەمێننەوە، وە هەردوو وڵات سەنگی دەخەنە سەر پەرەپـێدانی پەیوەندی ئاسایشی نێوانیان کە لەسەر بنەمانی بەرژەوەندی هاوبەشیان بێت.

 
هەروەها ئەمەریکا جەختیکردووەتەوە هەوڵ نادات بنکەیەکی لەشکری هەمیشەیی لە عێراق هەبێت یان بە بەردەوامی هێزی لەشکری لەوێ هەبێت، هەر وەک چۆن لە ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە ساڵی 2008 هاتووە کە هاوکاری ئاسایشی لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی هەردوولا دەکرێت.

 
حکومەتی عێراقیش لای خۆیەوە بەڵێنی داوە سەربازانی هاوپەیمانان بپارێزێت لەگەڵ ئەو شوێنە عێراقیانەشی تیایاندا میوانداری دەکرێن، ئەمەش بەپـێی یاسای نێودەوڵەتی و ئەو ڕێکەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێن.

 
لەسەر ئاستی ڕۆشنبری، هەردوو حکومەت تاوتوێی ئەو پلانانەیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەرشیفی گرنگی سیاسی بۆ حکومەتی عێراق، وە هەوڵەکانی پەرەپـێدانی توانای زانکۆکانی عێراق. هەروەها هەردوولا تاوتووێی پلانەکانیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی پارچە ئاسەوارە مێژوویـیەکان و ئەرشیفی حزبی بەعسی عێراق.
هەردوولا جارێکی دیکە جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی پەیوەندی ستراتیژی نێوانیان و خواستیان بۆ هەنگاوهەڵهێنانی گونجاو بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندیـیەکانی هەردوو وڵات و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپـێدانی ناوچەکە.

 
حکومەتی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئەم هەلەی ڕەخساوە بۆ دووپاتکردنەوەی هاوبەشیـیەکەی لەگەڵ عێراق و پتەوکردنی، ئەمەش هاوکاتی دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیر مستەفا کازمی.

 
هەردوو حکومەت چاویان لە ڕێـیە بۆ ئەنجامدانی وتووێژی زیاتر سەبارەت بەو بابەتانەی ئاماژەیان پـێکرا، ئەویش لە میانەی کۆبوونەوەی کۆمیتەی باڵای هەماهەنگی بۆ وتووێژی ستراتیژی کە بڕیارە لە مانگی حەوت لە واشنتنی پایتەخت ئەنجام بدرێت.




PM:12:58:12/06/2020