١٥ پەرلەمانتار هەڵوێستیان دەربارەی دابەشنەكردنی موچە ڕاگەیاند

چەند پەڕلەمانتارێکی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دابەشنەكردنی مووچە ڕاگەیاند و هۆشداری دەدەن، کە هیچ پاساوێك نییە بۆ زیاتر دواخستنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. 

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێك، كە 15 پەڕلەمانتاری فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان واژۆیان لەسەر كردووە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە" ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی 400 ملیار دینارەكەوە، كە گوایا تەنها 222 ملیار دیناری ماوە، جێی متمانەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نییە و دەبێـت پارەی مووچە بدرێتە مووچەخۆران، نەك بۆ شتی دیكە سەرف بكرێت". 

 

هاوکات هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو پەرلەمانتارانە داوادەكەن لە سبەینێوە (14/ 6/ 2020)،  دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێـت، بە بێ‌ دەسكاریكردنی موچە و یەكەمین وەزارەت-یش، وەزارەتی تەندروستیی بێت، كە پزیشك و كارمەند و پەرستارەكانی سەر بەم وەزارەتە (سەرەڕای خۆبەخشە ماندونەناسەكانیان) لە سەنگەری پێشەوەی روبەروبونەوەی ڤایرۆسی "كۆرۆنا- كۆڤید 19"دان.

 

هەڵوێستی (15) پەرلەمانتار دەربارەی دابەشنەكردنی موچە:

هیچ پاساوێك نییە بۆ  زیاتر دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و  لە ئێستادا، موچەخۆران و خەڵكی كوردستان، دۆخێكی سەختی گوزەران بەرێدەكەن، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دو هەفتەیە، 400 ملیار دینار لە بەغدادەوە هاتوەتە سەر هەژماری بانكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم-یش لەوبارەیەوە، كە گوایا تەنها 222 ملیار دیناری ماوە، جێی متمانەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نییە و دەبێـت پارەی موچە بدرێتە موچەخۆران، نەك بۆ شتی دیكە سەرفبكرێت. بۆیە:

- داوادەكەین لە سبەینێوە (14/ 6/ 2020)،  دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێـت، بە بێ‌ دەسكاریكردنی موچە و یەكەمین وەزارەت-یش، وەزارەتی تەندروستیی بێت، كە پزیشك و كارمەند و پەرستارەكانی سەر بەم وەزارەتە (سەرەڕای خۆبەخشە ماندونەناسەكانیان) لە سەنگەری پێشەوەی روبەروبونەوەی ڤایرۆسی "كۆرۆنا- كۆڤید 19"دان.

- موچە زۆر دواكەوتوە و ئێستا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران-ین و حكومەت موچەی مانگی "شوبات"ی دابەشنەكردوە. بۆیە، دەبێت لە كەمترین ماوەدا، تەواوی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێت و حكومەتی هەرێم-یش بەرپرسیارانەتر و جدیتر لەسەر ئەم پرسە و چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغداد، مامەڵە بكات.

ئیمزاكان:
- مەم بورهان قانع.
- شێركۆ جەودەت.
- روپاك ئەحمەد.
- سیروان بابان.
- د. محێدین حەسەن یوسف.
- یاسین خزر.
- سەرچنار ئەحمەد.
- جەلال محەمەد.
- ئەبوبەكر هەڵەدنی.
- موسلیم عەبدوڵلا قەسرێ‌.
- د. ئیسماعیل تەها سگیری.
- دیاری ئەنوەر حەمەرەحیم.
- هەڵز ئەحمەد.
- گۆران عومەر عەلی.
- بەدریە ئیسماعیل.



PM:03:28:13/06/2020