فڕۆکەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی بۆردومان کرد

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بە بەشداری فڕۆکەی ئێف-١٦ بۆسەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 

 

بەپێی زانیاریەکان، کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ناوەند و دەوروبەری کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور و  چەند ناوچەیەکی برادۆست و قەندیلیان بۆردومان کرد و بۆردومانەکە تا کاتژمێر ١٢:٤٥ خولەکی شەو بەردەوام بوو.

 

ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری توركیا ڕایگەیاند" لەو ئۆپەراسیۆنەدا كە ناونراوە "چنكی هەڵۆ"، ئۆپراسیۆنێكی گەورەمان بەبەشداری فڕۆكەكانی جۆری ئێف ١٦ دەست پێكردوە بۆ سەر  بارەگاكانی پەكەكە  لەهەرێمی كوردستان".

 

هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکان، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆش فڕۆكەی چاودێری بەسەر ئەو ناوچانە سووڕاونەتەوە كە بۆردومان كراون و تا ئێستا قەبارەی زیانەكان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.

 


AM:09:19:15/06/2020