" دەستکاری مووچەی فەرمانبەران ناکرێت"

میدیاکانی پارتی ئاماژە بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەت دەکەن و باس لەوە دەکەن کە  ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە دەستکاری مووچەی فەرمانبەران نەکرێت.

کوردستان ٢٤ کەناڵی نزیکی سەرۆکی حکومەت لە هەوڵێک کە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە" چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی چەند بڕیارێکی گرنگ بدات لەبارەی رێکخستنی خەرجییەکان، پرۆگرامی بایۆمەتری و هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت".


بەپێی ئەو زانیارییانە، لە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەدا رێکخستنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران باس کراوە و، بڕیاردراوە "مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نەکرێت و گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، بەڵکو تەنیا لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی مووچە و دەرماڵەی پلەباڵاکان وەکو پێشتر بڕیاری لیدرابوو، کەمبکرێتەوە و رێکبخرێتەوە، بڕیاریشە دواتر حکومەت وردەکاریی کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی پلەباڵاکان روون بکاتەوە".


هەروەها بڕیاردراوە ئەو دەرماڵانەی نادادپەروەرییان تێدایە، دادپەروەرانە رێک بخرێنەوە.


هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، بڕیاره لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بچێتە بەغدا و لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروست ببوو، گفتوگۆ بکەن.


حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەوپەڕی نیازپاکییەوە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و پاراستنی قەوارە و کیانی هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان".
 


PM:03:22:17/06/2020