وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق لەبارەی هێرشەکانی بۆسەر هەرێم هۆشداری تووند بە تورکیا و ئێران دەدات

لەسەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ جاری دووەم وەزارەتی دەرەوەی عێراق فاتح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بانگهێشت کردەوە و داوایکردوە هێزەکانیان بگەڕێننەوە شوێنەکانی خۆیان.

 

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە" زۆر بەتوندی ئیدانەی دووبارە هێرشکردنی هێزەکانی تورکیا دەکەین لە رۆژی 17ـی حوزەیران کە لەو هێرشەدا سەروەریی عێراق پێشێلکراوە".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە" لەکاتێکدا بەتەواوی ئەو پێشێلکارییە رەتدەکەینەوە، کە پێچەوانەی رێککەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، جەختدەکەینەوە لە پێویستیی پابەندبوونی لایەنی تورکیا بە وەستاندنی هێرشەکانی و کشاندنەوەی هێزەکانی کە دوێنێ بەشێکیان هاتونەتە نێو خاکی عێراق و لە شوێنی مانەوەشیان لە سەربازگەی باشیک و شوێنەکانی دیکەش".

هاوکات لە بەیانەکەدا عێراق هۆشداری دەدات" مافی یاسایی هەیە هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر، کە بتوانێت سەرەوەری و سەلامەتیی گەلەکەی بپارێزێت، لەوانەش داواکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەوەی بەرپرسیاریێتی هەڵبگرن".

 

هه‌روەها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بانگهێشتی ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عیراق كردووه‌و داوای له‌ وڵاته‌ش كردووه‌ بۆردومانه‌كانی بۆسه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عیراق رابگرێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیانی زۆری ماددی به‌ر ئه‌و ناوچانه‌ كه‌وتووه‌و ئه‌و هێرشانه‌ش شكاندنی سه‌روه‌ری خاكی عیراقه‌.

 

ئەوە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردوە و بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ شوانێک لە ناوچەی سیدەکان شەهید بوو.

 



PM:04:28:18/06/2020