عەدنان موفتی: یەكێتی نیشتمانی كوردستان براوەی یەكەمە

ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، عەدنان موفتی لەسەر پرسی هەڵكشانی دەنگەكانی یەكێتی لەهەڵبژاردنی 30 نیسان‌و كێشەكانی سەركردایەتی یەكێتی كە دوای هەڵبژاردن بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات، بۆ گۆڤاری سپی میدیا میدیا دەدوێت:
   
سپی میدیا: لە هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسان كێ‌ لەسەر ئاستی كوردستان براوەیە؟
عەدنان موفتی: ئەگەر مەبەستت ئەو براوەیەیە كە بەرێژە یان بەژمارەی كورسی یان بە كۆی دەنگەكان رێزبەندی بۆ بكەی وەك ئەنجامی بەراییەكان نیشانی دەدەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێشەوەیە، دواتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەپلەی سییەم دێت، دوای ئەوانەش یەكگرتوو‌و كۆمەڵ‌و هتد... 
بەڵام ئەگەر مەبەستت لەڕووی مەعنەوی بێت یاخود لەڕووی گۆڕانكاری گەورە بێت بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی 21ی 9ی ساڵی رابردوو، ئەوە بەتەئكید یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. لەوەشدا براوەی یەكەمە كە تەنیا حیزبە لەهەموو ناوچەكانی كوردستاندا (ناوەوەی هەرێم‌و دەرەوەی هەرێم) دەنگی بەرچاوو كورسی بەدەستهێناوە. دیارە ئەنجامی هەڵبژاردنی كەركوكیش هەم بۆ یەكێتی هەم بۆ كورد سەركەوتنێكی گەورەیە، ئەوەش راستە ئەگەر بڵێین  كە براوەی یەكەم سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنە وەك بناغەی دامەزراندنی كۆمەڵگای مەدەنی‌و هەنگاونان بۆ دیموكراسی‌و سەركەوتن.

سپی میدیا: دەنگەكانی یەكێتی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، قسە لەسەر زیاتر لە 300 هەزار دەنگ دەكرێت، هۆكاری ئەمە چییە؟ 
عەدنان موفتی: خۆی لەڕاستیدا دەبێ‌ پرسیار ئەوەبێت دەنگەكانی یەكێتی بۆ كەمی كرد لەهەڵبژاردنی رابردوودا، كە مایەی سەرسورمان‌و شۆك بوو هەرچەندە هۆكارەكانیشی زۆر باس كراوە‌و هەڵسەنگاندنی وردیشی بۆ كرا، پێشموایە خۆی لەخۆیدا ئەم سەرنەكەوتنە یەكێتیەكانی هەژاند، بەوانەشی كەدەنگیان دابووە لایەنێكی تر یاخود نەهاتبونە سەر سندوقی دەنگدان بەهۆكاری جۆراوجۆر، بەشێكیان وەك رەنگدانەوەی نارازیبوون  لەسیاسەتی یەكێتی‌و ناعەدالەتی‌و یاخود لە ژیری تەئسیری پروپاگەندەی نەیارەكانی  یەكێتی بوون، بەڵام ئەو دەنگە بەگلەییانە دەركەوت دەنگی نارەزاییە نەك دەنگی پشتكردن لەیەكێتی، بۆیە ئەوانە دوای هەڵبژاردنی ساڵی پار بیروبۆچونیان گۆڕا كە هەستیان كرد زەعیف بوونی یەكێتی لەگەڵ خەباتی خۆیان‌و ئەو دەستكەوتانەی كە یەكیتی دەوری كاریگەری هەبووە بۆ وەدەستهینانی بۆ گەلەكەمان ناگونجێت. مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و  كادیرانی یەكێتی بەشێوەیەكی گشتی هەڵوەستەیەكی رەخنەگرانە‌و جدییانەیان گرت. بەرنامەی توكمەش داندرا بۆ نەهێشتی كەموكوریەكان‌و وەرگرتنی بیروڕای جەماوەر‌و دڵسۆزانی یەكێتی، هەر بۆیەش ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنج‌و خوێنی تازە هەم وەك  كاندید بۆ هەڵبژاردنەكانی 30-4 داندرا هەم لەهەڵمەتی هەڵبژاردن دەوری گەورەیان بینی، دیارە  گرتە ڤیدیۆیەكەی جەنابی مام جەلالیش  كە لەكەناڵەكانی تەلەفزیۆنیدا بڵاوكرایەوە دەورێكی مەعنەوی‌و عاتفیانەی  گەورەی هەبوو  چ لەسەر جەماوەری یەكێتی‌و چ لەسەر خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی. لەلایەكی ترەوە هەر لەبارەی ئەو تەوەرەوە دەتوانم ئاماژە بەوە بدەم  كە سیاسەتی یەكێتی لەشەش مانگی رابردوودا چ لەسەر جەخت كردن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی یەكگرتوو كە گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ پاراستنی یەكریزی‌و روبەرووبونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو كە پەیوەندی هەبێت بە گەلەكەمانەوە، چ لەوەش كە یەكێتی ئەو راستییەی بۆ جەماوەرەكەی خۆی پشتڕاستكردەوە كە خاوەنی سەربەخۆیی‌و سیاسەت‌و بڕیاری خۆیەتی، بەخیلافی ئەو پروپاگەندانەی كە لەدژی دەكران.

سپی میدیا: ئاشكرایە یەكێتی قەیرانێكی سەركردایەتی‌و كەسی یەكەمی هەیە ئایا دوای هێمنبونەوەی كەشی هەڵبژاردن كێشەكان سەرلەنوێ‌ دەست پێناكاتەوە‌و زەق نابیتەوە؟
عەدنان موفتی: نەك هەر حیزبایەتی، بەڵكو ژیان بەگشتی بێ‌ كێشە نییە هەتا ژیانیش مابێ‌ كێشە هەر دەبێت، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا چارەسەریش هەر هەیە ئالیەتی روبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرێكی لەو بابەتە بەدیالۆگ‌و پابەند بوون بە بڕیاری كۆنگرەی داهاتوو كە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ ئەو مەسەلانە چارەسەرەی تەنیایە.

سپی میدیا: دیوەكەی تری ئەم پرسیارە هەڵكشانی دەنگەكانی یەكێتی كاریگەری لەسەر ململانیكانی ناو سەركردایەتی یەكیتی نابێت؟ ئایا ئەم جارە ململانێی نەوەی نوێی‌و نەوەی كۆن دەستپێناكات، بەتایبەتی لەهەڵبژاردنی 30ی نیسان گەنجەكان زیاتر كاریان دەكرد؟
عەدنان موفتی: ئومێد دەكەم كە هیچ كاریگەریەكی سلبی نەبێت، نابێت هیچ كەس لەناو یەكێتی بەو ئەنجامە لەخۆبایی بێت، بەڵكو ئەم سەركەوتنە هاندەر بێت بۆ گێڕانەوەی متمانەو رێزلەیەك گرتن لەنێوان سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی، تەنیا مەبەست سەركەوتنی یەكێتی‌و جەماوەری یەكێتی بێت كە بوونە هۆی سەرەكی ئەو سەركەوتنە.
سەبارەت بەململانێ‌ لەنیوان نەوەی تازە‌و كۆن، هەمیشە هەر هەبووە‌و هەر دەشمێنێت، بەڵام بەڕەئی خۆم پێموایە هەر دووكیان زۆر پێویستن‌و تەواوكەری یەكترین. ئێمەش كاتی خۆی گەنج بوین شوێنی تیكۆشەرانی ترمان گرت كە پێش ئێمە خەباتیان كردووە‌و دەبێت گەنجی بەتوانا‌و شایستە بێنە شوێنی ئێمە‌و ئێمەش هاوكاریان بین.

سپی میدیا: كەی كۆنگرە دەبەستن؟ تێڕوانینی عەدنان موفتی بۆ چارەسەركردنی كەسی یەكەمی ناو یەكێتی چۆنە؟
عەدنان موفتی: پێموایە پێش كۆتایی ساڵ دەبێ‌ كۆنگرە ببەسترێت، پێشنیار‌و بۆچون زۆرە بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی سەركردایەتی، وە ئالیەتی كاركردنی بەوەش كە دەستنیشانی مەسئولی یەكەمی بكات. پێموایە دەست لە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی نادرێت، چونكە هەر جەنابی مام جەلالە بەئومیدی چاك بوونی تەندروستی، رەنگە پێویست بكات گۆڕانكاری لەپەیرەوی یەكێتی بكرێت بەوەی سكرتێرێك یاخود بڵێین مەسئولیك  یان  سكرتاریەتێك لەلایەن كۆمیتەی سەركردایەتی دەستنیشان بكرێت، لەهەموو رویكەوە گۆڕانكاری پێویست بكرێت بۆ زیاتر بە دامەزراوەیی كردنی دامودەزگاكانی یەكێتی. قوناغی داهاتوومان نەك هەر لەناو حیزب‌و رێكخراوەكان، بەڵكو لەناو حكومەت‌و گشت دەزگاكان دەبێ‌ شەفافیەت ئەساس بێت. 



AM:11:12:20/05/2014