جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستیان بە پلازمای خوێنی چاكبووانی ڤایرۆسەكەیە و دەبێت حكومەت و وەزارەتی تەندروستی بە هاوكاری ماددی هانی چاكبووانی ڤایرۆسەكە بدەن بۆ ئەوەی پلازمای خۆینیان ببەخشن".
عەبدوڵا ئەحمەد جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژانە باری تەندروستی چەندین تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناجێگیرە و پلازمای خوێنی چاکبوانی کۆرۆناش دەتوانێت لە مەترسی مردن رزگاریان بکات، بەڵام تائێستا رێژەیەکی "زۆر کەم" لە چاکبووان بە دەم بانگەوازەکانی تەندروستییەوە هاتوون و خوێنیان بەخشیووە.
عەبدوڵا ئەحمەد ئەوەش دەخاتەڕوو" من وەكو جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی باوەڕم وایە هاندانی حكومەت و وەزارەتی تەندروستی تەنها بە بانگەواز كردن نابێت، دەبێت بە پاڵپشتی و هاوكاری ماددی و داریی یان هەر ئیمتیازێكی تر هانی چاكبووان بدەن پلازمای خوێنیان ببەخشن".
جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕو، داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەن وەک هەمیشە ڕوڵیان هەبێت لە هۆشیار کردنەوەی ئەو خێرە گەورەیەی گەر کەسێک بە بەخشینی پلازمای خوێنی گیانی کەسێک لە مردن رزگار بکات.
تائێستا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٢٧٣ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٣١٩ توشبوو چاکبونەتەوە و ٨٨ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.