جەمیل بایک هۆشداری دەدات بە دەزگای زانیاری‌و پاراستن‌

جەمیل بایک، هۆشداریی دەداتە دەزگا هەواڵگرییەکانی باشور و دەڵێت، لەڕیگای ئەوانەوە زانیاریی دەدرێتە میت، ڕاشیدەگەیەنێت:"هەرکەس دەستی بچێتە خوێنی گەریلا، ئەوە دەبێتە ئامانجی ئێمە".


جەمیل بایک  هاوسەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ستێرک تیڤی نزیک پەکەکە، دەمەوێت هەموو کەس بزانێت، هەتا ئێستا ئاراممان گرتووە، ویستمان ڕێکخستنەکانی باشور ڕێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر، بەڵام دیارە، کە ڕێوشوێن ناگرنە بەر، بۆیە لەمەبەدوا هەرکەسێک ئاشکرا بکەین، بەسەریاندا دەدەین، پاشان ئەو دەزگا و حزبانە نەڵێن پەکەکە ئەندامەکانمان دەکوژێت، نەڵێن پەکەکە دژی ئێمە سیاسەت دەکات، ئەگەر نایانەوێت ئەندامەکانیان بکوژرێت، ئەوکاتە پێویستە خاوەندارییان لێبکەن، با ڕێگا نەدەن خراپەکاریی بکەن، خیانەت بکەن و دەستیان بچێتە خوێنی گەریلا".


بایک، سەرەتای قسەکانی بە پەندێکی کوردیی دەستپێ دەکات، دەڵێت"دار کردمی لەخۆی نەبێت، ناڕزێت"، و دەڵێت: دەبێت مرۆڤ لە مێژووی گەلی کورد بڕوانێت، باش لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، زۆر جار کورد سەری هەڵداوە، شەڕی کردووە، زۆریی و زەحمەتیی چەشتووە، شەهیدی داوە، کێشەی کورد لێرەدا نییە، بەڵام بەردەوام گورزی خواردووە، هۆکارە بنەڕەتییەکەش، خیانەتی ناوخۆییە. بەردەوام ئەو دەوڵەتانەی، کە داگیرکاریی و قڕکردن لەسەر کوردان پێکدەهێنن، کورد پارچە دەکەن، خیانەت و نۆکەریی جاسوسیی پێش دەخەن،  بەوەش گورز لە بزوتنەوەکانی کورد دەدەن".


جەمیل بایک، تیشک دەخاتە سەر رۆڵی ئەوان لە باشورو دەڵێت"گەلەکەمان لە باشوری کوردستان ساڵانێکی زۆر تێکۆشانی کردووە، وڵاتپارێزن، زۆر ئازاریان چەشتووە، قوربانیی زۆریان داوە، لەئەنجامی ئەوانەدا هەندێک دەستکەوتیان هەبووە، بە تێکۆشانی پەکەکە ئەو دەستکەوتانە دەپارێزرێن، ئەگەر تێکۆشانی پەکەکە نەبوایە، نەدەتواندرا بەردەوامیی بەو دەستکەوتانە بدرێت و نەدەپارێزران".


 دەربارەی رۆڵی دەزگا نهێنیەکان پارتی و یەکێتی، ڕوونیدەکاتەوە"ئەگەر ئێستا لە باشور دەوڵەتی فاشیست، قڕکەر و داگیرکەری تورک سیخوڕیی پێش دەخات و لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵکوژیی لەناو گەریلادا پێکدێنێت، ئەوە کاری میت نییە، ڕاستە میت کارەکە بەڕێوەدەبات، بەڵام لە باشور چەند دەزگایەکی هەواڵگریی هەیە، ئەوان هاوکاریی میت دەکەن، ئەگەر ئەوان هاوکاریی نەکەن، سیخوڕیی نەکەن، میت ناتوانێت لە باشوردا بگەڕێت و لە گەریلا بدات".


لەبەردەوامییدا، بایک دەڵێت" ئەگەر هەڤاڵەکانمان شەهید دەکرێن، هۆکارەکەی ئەوەیە لە باشور دەزگای پاراستن هەیە، دەزگای زانیاریی هەیە، لەناو ئەواندا هاوکاریی میت دەکرێت، بەو هاوکارییانە، میت دەگاتە زانیارییەکان و لە گەریلا دەدات، لەوانەیە هەندێک کادری پەدەکە و یەنەکە یانیش حزبی تر هەبن، هەندێک وابەستەی حزب و ڕێکخستنەکانی خۆیانن".


 هاوسەرۆکی کەجەکە، زیاتر ڕوونیدەکاتەوە، کە "ئەندامی ئەو دەزگایانە بێئاگایانە زانیاریی کۆدەکەنەوە و دەزگاکانیان داوای زانیارییان لێدەکەن لەسەر گەریلا، ئەوانیش زانیارییان لەسەر گەریلا و خاڵەکانی گەریلا بۆ کۆدەکەنەوە، نازانن کە ئەو زانیارییانە بۆ میت دەچن، وا دەزانن کارێکە بۆ دەزگاکەی خۆیانی ئەنجام دەدەن، بەڵام لە ڕاستییدا ئەو کارە بۆ میتە، بێ ئاگایی ئەنجامی دەدەن و دەزگاکانیان دەیدەنە میت".


 
جەمیل بایک، دەشڵێت: پێویستە گەلەکەمان لە باشور ئەوە بزانن، ئەوە شایانی گەلی باشور نییە، چونکە خاوەن خەبات و مێژوون، ئازار دیدەن و قوربانیی گەورەیان داوە، گەریلا هێزێکی پارێزەرە بۆ ئەوان، ئەگەر لە باشور دەستکەوت بەدەستهاتووە، ڕۆڵی گەریلای تێدایە، بۆیە پێویستە هیچ کەس لە کوشتنی گەریلادا جێگا نەگرێت، زانیاریی نەدەن، ئەمە خیانەتێکی گەورەیە، نەک تەنیا لە پەکەکە، بەڵکو لە باشوریش.



هەروەها، دەڵێت: پێویستە گەلەکەمان لە باشور، میت و سیخوڕیی ناوخۆیی قبوڵ نەکات و دژی بوووەستێتەوە،  شار بە شار وەدەریان نێن، دەمەوێت هەموو کەس بزانێت، هەتا ئێستا ئاراممان گرتووە، ویستمان ڕێکخستنەکانی باشور ڕێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر، بەڵام دیارە، کە ڕێوشوێن ناگرنە بەر، بۆیە لەمەبەدوا هەرکەسێک ئاشکرا بکەین، بەسەریاندا دەدەین، پاشان ئەو دەزگا و حزبانە نەڵێن پەکەکە ئەندامەکانمان دەکوژێت، نەڵێن پەکەکە دژی ئێمە سیاسەت دەکات، ئەگەر نایانەوێت ئەندامەکانیان بکوژرێت، ئەوکاتە پێویستە خاوەندارییان لێبکەن، با ڕێگا نەدەن خراپەکاریی بکەن، خیانەت بکەن و دەستیان بچێتە خوێنی گەریلا، هەرکەس دەستی بچێتە خوێنی گەریلا، ئەوە دەبێتە ئامانجی ئێمە، چونکە یەکێک لەو بنەمایانەی پەکەکەی لەسەر دروستبووە، وەستانەوەیە دژ بە خیانەت و حساب پپرسینەوە لە خیانەتکارانە.


هاوسەرۆکی کەجەکە، دەشڵێت:"ئەوەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە، بەهۆی خیانەتەوە بووە، ئێمە ناتوانین ڕێگا بدەین خیانەتمان لەناودا بێت و چاوپۆشییان لێبکەین، کاتێک هەندێک لەو کەسانە دەستگیر دەکرێن، کە دەستیان چووەتە خوێنی گەریلا، دەبینیت یەکسەر رێکخستن یان هەندێک دەزگا خاوەندارییان لێدەکەن و دەڵێن، ئەوە ئەندامی ئێمەیە، سەربەستیان کەن، یان دەڵێن پەکەکە ئەندامەکانمان دەستگیر دەکات، دژایەتییمان دەکات، بەو شێوەیە خاوەنداریی لە ناپاکەکان دەکەن، پێویستە کەس خاوەندارییان لێنەکات، کاتێک دەیانکەینە ئامانج، چونکە ئەوان دەستیان چووەتە خوێنی گەریلا، دەستیان دەچێتە خوێنی گەلەکەمان لە باشور".

 
لە کۆتاییدا جەمیل بایک، دەڵێت:"پێویستە کەس خۆی نەفرۆشێت، چونکە تورکیا چەند قروشێک پارە دەدات، هەندێک دۆلار دەداتە، شەرەف، کەسایەتیی و هەموو شتی خۆیان دەفرۆشن بۆ پارە، پێویستە کەس ئەوە نەکات، گەلەکەمان لە باشور و دەزگا بەشەرەفەکان، ئەوانەی دەڵێن کوردین و وڵاتپارێزین، پێویستە سیخوڕ و نۆکەر و میت لەناو خۆدا نەژێنن، بانگەوازیی ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەیە".




PM:08:24:21/06/2020