ئەنجومەنی سەربەخۆی مامۆستایانی ناڕازی لە بەیانێکدا کاسبکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان ئاگادار دەکەنەوە کەڕۆژی (25 /6) خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەشاری سلێمانییەوە دەستپێدەکات دژی حکومەتی هەرێم.
ئەنجومەنی سەربەخۆی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە ئاماژە بەوەکراوە، کاسبکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان ئاگاداردەکەین کەڕۆژی (25 /6) خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەشاری سلێمانیەوە دەستپێدەکات دژی حکومەتی هەرێم کەسیاسەتی برسیکردن و چەوساندنەوەی هاوڵاتیان پەیڕەودەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بەهۆی نائامادەیی و نەبونی دامەزراوەی حکومی، هۆشداری توند دەدەینە حیزبە بەشدار و خاوەن دەسەڵاتەکانی هەرێم کەئەمجارە ناڕەزایەتیەکان بەرۆکی حیزبەکانیان دەگرێتەوە".
راشیانگەیاندووە" حیزبە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات کەخۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و بەرەی خەڵک دەزانن دەخەینە ژێر بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاقی و نیشتمانیەوە کە چیتر ئەو زوڵم و ستەمەی دەسەڵات لە هاوڵاتیان و موچەخۆران و لایەنگرانی حیزبەکانیان دەیکات قبوڵنەکەن".
ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی ئاماژەی بەوەشكردووە" داوا لەسەرجەم توێژەکان و سەندیکاو ڕێکخراوەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تەندروستکاران دەکەین کەپشتیوان و بەشداربن لەم خەباتە مەدەنیە".
لەبارەی شوێنی خۆپیشاندانەكە رایانگەیاندووە" ڕۆژی (24 /6) شوێن و کاتژمێری دەستپێکی خۆپیشاندان ڕادەگەیەنین."داواشیكردوە كە بەشداربوان پاپەندی خۆپارێزیە تەندروستیەکان بن و دەمامک و دەستکێش بەكاربهێنن".