پۆلیسی سلێمانی: لەسەر رووداوەكەی نزیک بازنەی مەلیک مەحمود ئەمڕۆ ٦ كەس دەستگیركراون

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت" لەسەر ڕوداوەكەی ئەمڕۆی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود كە بەهۆیەوە كەسێك كوژرا شەش تۆمەتبار دەستگیركراون". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی دەست "سپی" کەوتووە رایگەیاند" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لەڕوداوێكی نێوان دوو لایەندا هاووڵاتییەك بەناوی (ق.ج.ع)  لەدایكبووی 1981) كوژرا و لەسەر ئەو روداوەش 6 تۆمەتبار دەستگیركراو دەستیشگیرا بەسەر سێ‌ ئۆتۆمبێل و چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفدا". 

رونیشیكردوەتەوە: دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە پۆلیس لەبارەی روداوێكەوە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود -نزیك یاریگای چیا ، پۆلیسی سلێمانی گەیشتە شوێنی روداوەكەو بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێكۆڵینەوەكان دەستیپێكردو توانرا 6 كەس دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر سێ‌ ئۆتۆمبێلی لە جۆری (توێتا هایلوكس ، نیسان پاترۆڵ، تانكەری ئاو)لەگەڵ چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت" لەئێستادا تۆمەتباران (أ،س،ف)    لەدایكبووی 1997، (م،ج،ع)  لەدایكبووی 1990، (س،ج،ع) لەدایكبووی 1987، (أ،م،ع) لەدایكبووی 1988، (پ،ج،ع) لەدایكبووی 1988، (م،س، ف)  لەدایكبووی 1996 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون". 


PM:10:23:22/06/2020