لاهوری شێخ جەنگی بە پێچەوانەی کۆبوونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیەوە رایەکی تر رادەگەیەنێت

دوای ئەوەی شەوی رابردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژی ئەنجامدا و گەیشتنە ئەو رایەی " لەبەر خراپی دۆخی ئابوری حکومەتی هەرێم ناچارە بڕیار کەمکردنەوەی مووچە بدات ". کەمێک لەمەوپێش لاهوری شێخ جەنگی رایەکی تر  ئاشکرا دەکات‌و دەڵێت " هەڵپەساردن و هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێک دەبێت لە بژاردەکەنمان".

 
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پۆستێکدا ئەمرۆ سێ شەممە ٢٣ی حوزەیران نووسیوویەتی" ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته رێككه‌وتن، شه‌فافییه‌تی نه‌بێت له‌ خه‌رجی و داهات،  یه‌كێتی ناچێته ژێر باری مووچه بڕین".


دەربارەی هەڵوێستی ئەو حیزبە دەڵێت " هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێك ده‌بێ له‌ بژارده‌كانمان".

 
دوێنێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوەوەو لە راگەیاندنێک دوای کۆبوونەوەکە دەڵێت" بەھۆی باری نائاسایی ھەرێمی کوردستان  و عێراق و ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت کە شادەماری ئابووری ھەرێم و عێراقە و بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە سەرجەم دامودەزگا و جومگەکانی ھەرێم و ناوچەکەی پەکخستووە، دەزانین کە حکومەتی ھەرێم بەناچاری ئەم بڕیارە قورسەی داوە". 

 


AM:11:54:23/06/2020