سێ ئەندام پەرلەمانی پێشووی نەوەی نوێ کە ئێستا سەربەخۆن دژی بڕیاری داخستنی کەناڵی NRT ین کە داواکاری گشتی داوای دەکات، راگەیاندنێک بڵاودەکەنەوە.
هەریەک لە سیروان بابان و دیاری ئەنوەر و مەم بورهان قانع لە بەیاننامەیەکدا کە دانەیەکی دەستی " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە" لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ ئازادیی كاری میدیایی و پابەندبونمان بە بنەماكانی جێبەجێكردنی یاسای كاری میدیایی لە كوردستان، دژی داخستنی هەردو كەناڵی NRT و NRT عەربیی-ن، كە سەرۆكی داواكاری گشتیی، بە نوسراوی فەرمیی داوای لە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان كردوە، هەردو كەناڵەكە دابخات".
هەروەها لەو بەیانەدا ئەو سێ ئەندام پەرلەمانە دەڵێن " داوا لە داواکاری گشتیی-ش دەکەین، لەسەر پێشێلکردنە یاساییەکان و تەواوی گەندەڵیی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی کوردستان-یش بێتە دەنگ، نەك داخستنی دەزگاکانی میدیا".
ئەو سێ پەرلەمانتارە دەڵێن "سەرەڕای جیاوازیی بیروڕای سیاسیی و میدیاییمان لەگەڵ خاوەنی دامەزراوەی میدیایی NRT، بەرگریكردنی ئێمە، بەرگریكردن نییە لە كارەكتەرێكی دیاریكراو، بەڵكو بەرگریكردنمانە لە ئازادیی كاری میدیایی و ئەركی چاودێریكردنمان وەكو پەرلەمانتار بۆ جێبەجێكردنی "یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان"، كە رێگا نادات بە داخستنی هیچ كەناڵێكی میدیایی، سەرەڕای ئەوەی ئەم كەناڵە چەندین كارەكتەری "بلاك لیست" كردوە و ئێمەش لەو لیستەداین و گرنگیش نییە بەلامانەوە".
نەوەی نوێ خاوەنی ٨ ئەندام پەرلەمان بوو، ٤ یان لەگەڵ یان لەو فراکسیۆنە هاتنە دەرەوەو، خۆیان وەک سەربەخۆ ناساند، یەکێکیش لەو چوار پەرلەمانتارە دووجارە بە قازانجی پارتی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بڕیار دەدات و ئێستا سێ پەرلەمانتاریان بەسەربەخۆی ماونەتەوە.