هەپەگە پێکانی دوو کۆپتەر و کوژرانی چەند سەربازی تورکیای راگەیاند

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕایگەیاند " لەکاتی جموجوڵی داگیرکاریی سوپای تورک لەسەر ئاسمانی هەرێمی حەفتانین، یەکینەکانی گەریلا گورزیان لە دوو هەلیکوپتەر داوە و لە چەند ناوچەیەکی جیاوازیش شەش سەرباز کوژراون".


لەبارەی شەڕەکانی لەشکرکێشی تورکیاوە بۆ سەرناوچەی حەفتانین، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕایگەیاند، "رۆژی ٢٢ی حوزەیران لە کاتژمێر ١٨:٠٠ هێزەکانمان لە ناوچەی گردی دووپشک لە دژی یەکینەکانی ئۆپڕاسیۆنی داگیرکەران، چالاکیان ئەنجامدا، لەم چالاکیەدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە گورزی کوشتندە لە یەکینەکانی دوژمن درا و بە گشتی چوار سەربازی دوژمن سزا دران".


هەروەها هاتووە" کاتژمێر ١٩:٠٠ هێزەکانمان دەستڕێژی گولـلەیان کردە سەر هەلیکۆپتەرێکی جۆری کۆبرا، کە لە هەوڵی بوردوومانکردنی گەلی پیساغادا بوو، لە ئەنجامی ئەم چالاکیەدا گورز لە هەلیکوپتەرەکە درا و بە ناچاریی لە ناوچەکە دوور کەوتەوە".


هەپەگە ئەوەش دەخاتەڕوو "لە کاتژمێر ٢١:٣٠ سوپای داگیرکەری تورک بە هەلیکوپتەری جەنگی کاتێک لە هەوڵی جێگیرکردنی هێزێکی سەربازیدا بوو لە ناوچەی ناڤسەری خانتور، هێزەکانمان هەلیکوپتەرەکانی جەنگیان کردە ئامانج و دەستڕێژی گولـلەیان کردە سەریان و هەلیکوپتەرەکان بە ناچاریی لە ناوچەکە دوور کەوتنەوە".


لە کاتژمێر ٢٢:٤٠ هەلیکوپتەرێکی جۆری کۆبرا کە بەسەر ئاسمانی ناوچەی خانتوردا دەسووڕایەوە، بوو بە ئامانجی هێزەکانمان، گورزێکی سەرکەوتوو لە هەلیکوپتەرەکە درا و بە ناچاریی ناوچەکەی بەجێهێشت.( هەپەگە دەڵێت).


هەروەها هاتووە "هێزەکانمان درەنگانی شەو لە دژی هێزی داگیرکەران لە گردی شەهید بەرخودان لە ناوچەی خانتور چالاکیەکی سابوتاژیان ئەنجامدا، لەو چالاکیەدا ژمارەیەک سەرباز کوژران و بریندار بوون، بەڵام ژمارەیان نەزانرا".




لە ڕاگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:"هاوکات سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک ٢٢ی حوزەیرانیش لە نیوەڕۆوە تا درەنگانی شەو ناوچەکانی گەلی پیساغا، بەکتوریا و خانتوریان بوردوومان کرد.


هەپەگە باس لەوە دەکات "لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێریی شەهید باگەر و شەهید ڕونیادا، هێزەکانمان لە ٢٢ی حوزەیران لە کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکدا لە ناوچەی چەلێی جولەمێرگ لە ناوچەی شیفرەزا لە دژی یەکینەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک چالاکیەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکیەدا دوو سەربازی دوژمن سزا دران".


هەپەگە باس لەوە دەکات " ٢١ی حوزەیران سوپای داگیرکەری تورک ئۆپڕاسیونێکی داگیرکاریی لە ناوچەی مەرگەزەردی سەر بە قلەبانی شرناخ دەستپێکرد، ئەم ئۆپڕاسیونە نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٢ی حوزەیران بەبێ ئەنجام کۆتایی پێهات".


هەروەها هاتووە"١٩ی حوزەیران سوپای داگیرکەری تورک لە دەوروبەری گوندی سیامیری تاتوانی بیدلیس ئۆپڕاسیونێکی داگیرکاریی دەستپێکرد، هێزی داگیرکەران سەر لە بەیانی ئەو ڕۆژە بە فڕۆکەی جەنگی ناوچەکەیان بوردوومان کرد، دوای بوردوومانەکە هێزەی داگیرکەران هەوڵیاندا بە هەلیکوپتەری سکورسکی سەربازەکان لەوێ جێگیر بکەن، لە کاتی ئۆپڕاسیونەکەدا دوو لە هەڤاڵانمان بە ناوەکانی چەکدار و دەرسیم شەهید بوون. ئەو ئۆپڕاسیونە لە ٢٢ی حوزەیراندا کۆتایی پێهات".






PM:11:19:23/06/2020