ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی خۆی ساز بكات سەبارەت بە پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.

 

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی رایگەیاند" کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ لە هۆڵی گەورەی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، کۆبونەوەکەش بەڕەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچێت و پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەکی دەدات".

 

دوێنێش راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێڕاق داوا لە پەرلەمانتاران دەکات کاتژمێر ١:٠٠ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر  پڕۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن.

 

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، تائێستا ژماره‌یه‌ك پەرلەمانتار و زیاتر لە ٥٠ فەرمانبەر و پاسه‌وانی ئەنجوومەنی نوێنەران تووشی کۆرۆنا بوون.

 


AM:10:37:24/06/2020