ڕێواز فایەق: قەرزەکانی حکومەتی هەرێم لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" کە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و پرسی قەرزەکانی حکومەتی هەرێم، لە دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

 

ئەمڕۆ چوارشەممە رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند" کەرەنتینەی پەرلەمانی کوردستان تەواو بووە و لە ئێستادا هیچ رێگرییەکی سیاسی و یاسایی نیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئێمە گرنگە بە بابەتی گرنگەوە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکەینەوە، لە پەیوەندی بەردەوامین لەگەڵ سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بۆ ئەوەی خشتەی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە ببێت".

 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاند" پرسی مووچە، دۆخی دارایی، قەرزەکانی حکومەتی هەرێم، دۆخی تەندروستیی و بارودۆخی ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتانەن، کە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

 

لەبارەی پشووی پەرلەمان كە حەوت رۆژی تر دەست پێ‌ دەكات ڕێواز فایەق وتی" ئەگەر پێویستی كرد و بابەتی گرنگ هەبوو، دەتوانین پشووەكان كورت بكرێنەوە و كۆبوونەوەكان درێژەیان پێ‌ بدرێت، چونكە بەهۆی ئەو ماوەیەی كەرەنتین بوو و پشوو بوو و كاتێكی زۆرمان لە دەست چووە".

 

لەماوەی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کە حکومەت ٢٧ ملیارد دۆلار قەرزارە، ئەمەش مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆکی پەرلەمانیش لە نووسینێکیدا باسی لە نایاسایی بوونی ئەو قەرزانە کرد.

 
 



AM:11:41:24/06/2020