سەندیکای رۆژنامەنووسان بانگەوازێک بڵاودەکاتەوە

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان بۆ رۆژنامەنووسە مەیدانییەکان کە رۆژانە رووپێوی رووداوەکان دەکەن، بانگەوازێک بڵاودەکاتەوە کە کۆمەڵێک رێنومایی گرتۆتەخۆی بۆ خۆپاراستنی رۆژنامەنووسان.

دەقی بانگەوازەکە..

 
بانگەوازێك لە لقی سلێمانیەوە بۆ رۆژنامەنووسە مەیدانیەكانی سنووری لقەكەمان
هیوای سەرساغی و سەلامەتی بۆ گشت لایەك دەخوازین و دڵنیاین ئەم قۆناغە ناخۆشەش تێدەپەڕێنین و میدیای كوردی و هەڵگرانی ئاڵای میدیا تۆمارێكی جوان و سەركەوتوانە بۆخۆیان تۆمار دەكەن، بەڵام خۆپارێزیی و خۆپاراستن بەهەر سێ قۆناغەكەیەوە:

هۆشیاركردنەوە
خۆپاراستن
چارەسەر

بۆ ئێمەی رۆژنامەنووسان زۆر گرنگە، چونكە بەركەوتەمان لەگەڵ خەڵكانی تر زۆرترە..

پاش ئەوەی ژمارەیەك لە هاوپیشەو هاوكارە مەیدانیەكانمان دووچاری پەتاكە بوون و كاكە رەهێڵی جوانەمەرگیش گیانی سپارد، بۆیە داواكارین لەجاران زۆر زیاتر رێو شوێنی هۆشیاری و پاراستن و چارەسەر بگرنە بەرو رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن كە لەسەرانسەری جیهاندا وەك ستانداردێك رۆژنامەنووسان پەیرەوی دەكەن، داواكارین هاوكارانمان بەوردی پابەند بن بەم رێو شوێنە جیهانیانەوە.

ستانداردەكانی خۆپاراستنی رۆژنامەنووس:

1/ با زۆرینەی زۆر‌ی لێدوان و ئینتەرڤیوەكانتان لەرێگه‌ی ته‌له‌فۆن‌و مۆبایلو سكایپ و هۆكارەكانی تری گەیاندنەوە بێت..
2/ كۆی رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان په‌یره‌و بكرێن و ماوەی نێوانتان بە مەترو نیو رابگرن.

3/  مەرج نیە هەموو لێدوانەكانتان راستەوخۆ بن بەتایبەت لەم قۆناغەی ئێستای سلێمانیدا.

4/ با میدیاکارە مەیدانیەکان پشکنینی کۆرۆنا بکەن ئەگەر نیشانەكانیشیان تێدا نەبێت.

5/ هێلی گەرمی ژمارە ١٢٢ بەكار بهێنن بە مەبەستی دڵنیابوون.

6/ تكا لەوێنەگرەكان دەكەین كە پیشەكەیان نزیكبوونەوە دەخوازێت كە:

*/ لەم قۆناغەدا تەنها گرنگی بە رووداوە گەورەكان بدەن و پیشەی رۆتینی رۆژانە دوابخەن.

*/ پاكژكردنەوەی سەرجەم كامێراو ستاندولینزو مۆبایل و ئینارەو شمەك وكەلوپەلی هونەری بە كهولو مادەكانی تر.

*/رێگا مەدەن كەسی تر كەلوپەلەكانتان بۆ بگوازێتەوە یان دەستكاریان بكات.

*/ هەوڵ بدەن لەیەك جێگادا كاتێكی زۆر نەمێننەوە.

*/ بەدوای سەرچاوەی زانستی و لێكۆڵینەوەكاندا بگەڕێن و بزانن نوێترین و باشترینەكانی خۆپارێزی لە جیهاندا چین..

*/ بەرنامە رێژیتان ئامادە كردبێت بۆ ئەو كاتانانەی خوانەكردە نیشانەكانتان تێدا دەركەوت.

*/ لەكاتی وێنەگرتنی كەسی تووشبوو یان دەزگا تایبەتەكان بە كۆرۆنا هەوڵبدەن سوود لە لینزی نزیككەرەوە ببینن تا نەچنە پێشەوە.

*/ هەوڵبدەن تەوالێتو دەستشۆری شوێنە گشتیەكان بەكار نەهێنن..

*/ با باجی رێگەپێدانتان لەملدا بێت تا دووچاری نزیك بوونەوەو پرسیاركردنی هێزەكانی ناوخۆ نەبنەوە.

*/ ئۆتۆمبیلەكانتان و هۆكاری گواستنەوەتان لەجێگایەكی دوور لە شوێنی تووشبوان پارك بكەن.

*/ لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەكان مەرجە كەناڵەكەت بەزووترین كات ئاگادار بكەیت.

جگە لە خۆپاراستنی رۆژنامەنووسانی ئازیزمان داواكارین رەچاوی ئەم ئەركە گرنگانەی پیشەكەت بكەیت:

1-  پاراستنی تایبەتمەندیی كەسی هەڵگر یان نەخۆش، یان كەرەنتینەكراو، دەرنەخستنی شێوەو شكڵو دەنگو.........هتد
2-  پیشان نەدانی گریان و پرسەو ناشتن و هەر حاڵەتێك پەیوەست بە كۆچكردوان یان كەسوكاریان.
3-  كار لەسەر ئەو ستۆریانە بكرێت كە دەبنە هۆكار بۆ هۆشیاری و خۆپارێزیو چارەسەری گشتیی.
4- دەرنەخستنی تووشبوان بە ئازارو نركەو ناڵەوە، تا بەرامبەر (وەرگر) تووشی تۆقین و فۆبیا نەبێت.
5- دەرخستنی تیمە تەندروستیەكان (سپی پۆشەكان) و گرنگی ئەركو پیرۆزی كارەكەیان.
6- دەرخستنی گرنگی ئەركی تیمەكانی پۆلیس و ئاسایش و فریاكەوتنی خێراو تیمی ناشتنی تەرمەكان.
7- دەرخستن و جوانكردنی ئەو كەسو تیم و رێكخراوانەی رۆڵی بەخشینی خوێنو پلازماو یارمەتیە مرۆییەكانیان هەیە.
8- پێویستە سەرجەم كەناڵەكان پێداویستیە گرنگەكانی پاراستن بۆ تیمەكانیان دابین بكەن.

سوپاس بۆ خه‌مخۆریتان و بۆ خۆپارێزیتان
لقی سلێمانی
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردسان
24/6/2020

 


PM:05:00:24/06/2020