کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم و عێراق کۆتایی هات

كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆتایی هات و بڕیارە سبەی فراوانتر بكرێت و درێژەیان پێ بدرێت.

 

شاندی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كە لە میوانخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بەرێوەچوو، گفتوگۆ كرا لەبارەی كێشە داراییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، تایبەت بەپرسەكانی نەوت و وزە، خەرجی و داهاتەكان، شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێم و دەروازە سنورییەكان.

جەختیشی كردۆتەوە، سبەی كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بەئامانجی گەیشتن بە لێكگەیشتنی گشتگیر بۆ كێشەكان و بڕیارە لەڕووی هونەرییەوە فراوانتر و چڕتر بكرێنەوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق چونەتە بەغدا و دوێنیش مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبونەوەی هەردوو شاندی هەرێم و بەغدای کرد.

 


PM:07:55:24/06/2020