نێچیرڤان بارزانی: هەوڵدەدەین نەوتی كوردستان بگەیەنینە ئەوروپا

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەردانەكەیدا بۆ لەندەن پایتەختی بەریتانیا رایگەیاند "هەوڵدەدەین بەهەر شێوەیەك بێت نەوت و غازی كوردستان بگەیەنینە ئەوروپا".

نیچیرڤان بارزانی بە سایتی رووداوی راگەیاند "كۆبوونەوەكانمان لە بەریتانیا بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوون و هەوڵدەدەین بەهەر شێوەیەك بێت نەوت و غازی كوردستان بگەیەنینە ئەوروپا".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێكی كە پێكهاتبوون لە هەریەك لە: لە د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان، د. عەلی سندی وەزیری پلاندانان، كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە وەكالەت، قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەت، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران، رۆژی 18ی ئەو مانگە گەیشتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەمەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، هەروەها رۆژی دووشەممە 19ی ئایاری 2014، لە لایەن ولیەم هەیگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێشوازی لێ كرا.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا باسی یەكەمین سەردانی فەرمیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەكات بۆ بەریتانیا و دەڵێ، "پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیران كرد بۆ ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون لە هەریمی كوردستان لە ساڵانی دواییدا"، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەكردووە كە بەریتانیا دەیەوێ وەك شەریك و هاوبەشی هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە.



PM:05:43:20/05/2014