وردەکاری رێکنەکەوتنی هەرێم و حکومەتی بەغدا

وەفدی هەرێم دوای مانەوەی سێ رۆژ لەبەغدا و سازکردنی چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

 

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " لەو کۆبوونەوانەی وەفدی هەرێم بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی بەغدا ئەنجامیان داوە، بەڕاشکاوی نوێنەرانی حکومەتی بەغدا بە وەفی هەرێمیان راگەیاندووە کە ئەوان تەنها ئامادەن مانگانە بڕی ٤٥٣ ملیار دینار بدەن بەهەرێمی کوردستان، هەرێم بەرامبەر ئەوە تێکڕای داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان رادەستی بەغدا بکات.

 

" سپی " زانیوویەتی کە هۆکاری شکستی کۆبوونەوەکان نا ئامادەیی حکومەتی بەغدا بووە لایەنی کەم بڕی ئەو پارەیە بدات بە هەرێم کە مانگانە مووچەی پێدەدات ئەویش بڕی ٧٥٥ ملیۆن دۆلارە.

 

لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی پێشوو د. عادل عەبدولمەهدی مانگانە بۆ ماوەی ساڵێک حکومەتی عێراق بڕی ٤٥٣ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم دەکرد بەبێ ئەوەی هەرێم یەک بەرمیل رادەستی بەغدا بکات. بەپێی یاسایی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەسەر هەرێم پێویست بوو رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات، بەغدا پشکی تەواوی هەرێم بنێرێت کە مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار بوو، بەلآم حکومەتی هەرێم پابەند نەبوو بەو یاسایەوە.

 

ئێستا هەرێم رۆژانە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگای جیهانەوە دەفرۆشێت، عێراق داوا دەکات سەرجەم فرۆشتنی ئەو نەوتەو دۆسیەی نەوت و داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی فڕۆکەخانەکانی رادەست بکرێت، بەرامبەر ئەوە بەغدا تەنها مانگانە ٤٥٣ ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم.

 

لەگەڵ کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هەردوو حیزبی حکومڕان پێش هەموو کەس پیرۆزبایی و پاڵپشتیان لێکردو، سەرۆک کۆمارە کوردەکەی عێراقیش، د. بەرهەم ساڵح کارو پالپشتییەکی زۆری ناوبراوی کرد تا پۆستی سەرۆکی وەزیرانی پێدرا.



PM:09:49:25/06/2020