زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە: بە درێژایی ٣٠٠کم شەڕ لەگەڵ سوپای تورکیا بەردەوامە، نزیکەی 100 سەرباز کوژراون

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە رایگەیاند "بە درێژایی 300 کیلۆمەتر شەڕ لە نێوان هەڤاڵان و سوپای تورکیا بەردەوامە و نزیکەی 100 سەربازی تورکیا کوژراون".

 
لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا بەردەوامە، زاگرۆس هیوا وتەبێژی کوما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئێستا لە هەرێمی حەفتەنین کە سێگوشەی سنوری تورکیا و سوریا و عێراقە و هەروەها هەرێمی خواکۆرک کە سێگوشەی تورکیا و عێراق و ئێرانە بە درێژایی 300 کیلۆمەتر لەو هەرێمانەدا شەڕ لە نێوان هەڤاڵان و سوپای تورکیادا بەردەوامە، سوپای تورکیا بە هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنی و تەکنەلۆژیای مودێرن هێرش دەکاتە سەر سروشت و گەلی کورد و گەریلاکان دەکاتە ئامانج کە لە چوارچێوەی پلانی گشتی ئەردۆگان و دەوڵەتی تورکیادایە کە دەخوازێ دەسەڵاتێکی عوسمانی نوێ لە هەرێم دروست بکات."


ناوبراو دەڵێت" گەریلاکان لەنێو خەڵکی سڤیلدا بەشێوەیەکی بەردەوام نامێننەوە و ئەو شوێنانەی کە سڤیلەکان دەبنە ئامانج گەریلاکان لەوێ نین، بەڵکو لە ناو هەرێمەکانی خۆیاندا دەمێننەوە بەڵام ئامانجی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل ئەوەیە کە فشارێک لەسەر دەسەڵاتی باشوری کوردستان دروست بکات و گەلی کورد بترسێنێت و ناکۆکی لە نێوان پەکەکە و هێزەکانی تری باشوری کوردستان و گەلی کوردستان دروست بکات".


زاگرۆس هیوا لە درێژەی قسەکانیدا ئامانجی هێرشی تورکیا ئاشکرا دەکات و دەڵێت " هێرشەکانی ئێستای تورکیا بەشێکن لە پلانێکی فراوانتری تورکیا بۆ سەرلەنوێ زیندوکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی و خەلافەت و داگیرکردنی ئەو هەرێمانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون، تورکیا دەیەوێ دیموگرافیای ناوچەکە هەمووی بگۆڕێت و ئیسلامێکی سونی لە هەرێمدا زاڵ بکات بۆیە ئامانج لێی پەکەکە نییە، ئەو هێرشانە بەشێکن لە پلانێکی فراوانتر بۆ داگیرکردنی ویلایەتی حەلەب لە سوریا و ویلایەتی موسڵ لە عێراقدا، گەریلاکان لەسەر ناوی گەلی کورد و عەرەب و کریستیانەکان و گەلانی هەرێم لە دژی داگیرکاریەکانی تورک بەرخۆدان دەکەن."


وتەبێژی کەجەکە لەو وتووێژەدا کە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ئەحمەد زێباری لەگەڵیدا سازی داوە دەشڵێت" لەو هێرشانەی ئەو دواییانەدا زیانەکانی گەریلاکان کەمن، چونکە گەریلاکان خۆیان نوێکردووەتەوە و بەشێوازێکی مودێرن و سەردەم خۆی رێکخستووە ئەگەر دەوڵەتی تورک هاتبێت و هەندێک شوێنیشی گرتبێت گەریلاکانیش لەو شوێنانە هەن و لە سەربازەکانی تورکیا دەدات، بەپێی ئامارەکانی هەپەگە تا ئێستا نزیکەی 100 سەربازی تورکیا کوژراون و چەندین سەربازی تریش بریندارکراون."


سەبارەت بەوەی کە نزیکەی 118 گوندی سەر بە شارۆچکەی سیدەکان چۆڵکراون بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا کە بەو هۆیەوە خەڵک داوا دەکات ئەو شەڕ و ناکۆکیانە لەناوچەکە و نێو خاکی هەرێمی کوردستان دوربخرێنەوە، زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکین کوردستان ڕایگەیاند " ئەوان وەکو گەریلا هێزی پاراستنی گەلی کوردستانن و لەهەر شوێنێک هێرشی قڕکردن لەسەر گەلی ئەوان هەبێت ئەوا دەیپارێزن لەباکور بێت یان باشور جیاوازی نییە و ئەوەی کە پێویستە دەربچێت دەوڵەتی تورکیایە کە داگیرکەرە و سنوری بەزاندووە و یاسای نێودەوڵەتی پێشێلکردووە و زیاتر لە 100 کەسی مەدەنی کوشتووە و لەهەر شوێنێک دەوڵەتی تورکیا هێرشی سەر گەلی ئێمە بکات ئامادەین گەلی خۆمان بپارێزین."


سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر هێرش و بۆردومانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کە بەو هۆیەوە چەندین کەس گیانی لەدەستداوە و توشی زەرەر و زیانێکی زۆری ماڵیش هاتوون دەڵێت " هەر وڵاتێک هێرشی سەر هەرێمی کوردستان بکات ئێمە شەرمەزاری دەکەین و هەڵویستمان هەبووە و ئەو هێرشەی کە ئێستاش دەکرێت بەهەماهەنگی لەنێوان تورکیا و ئێران دروست بووە، چونکە ئێرانیش لەسەر سنور ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە دژی هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان دەستپێکردووە."


لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە لێدوانەکانی هەندێک لە کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کە دەڵێن مەیدانی خەباتی پەکەکە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو تورکیایە زاگۆرس هیوا، دەڵێت "ناکۆکی زۆر لە نێو ئەو لێدوانانەدا هەیە و ئێمە هێزێکی کوردستانین و گەلی کورد دەپارێزین باشترە کە ئەو هێز و کاربەدەستانە بە تورکیا بڵێن کێشەکانی کورد لەناو تورکیادا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکەن و هێرشی سەر خاکی باشووری کوردستان نەکەن و ئەو کێشانە لە باکوری کوردستان سەرچاوەی گرتووە پێویستە دەوڵەتی تورکیا کێشەکان لەنێوخویدا چارەسەر بکات، پێویستە بەو لێدوانانە ڕەوایەتی زیاتر بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان نەدرێت."

 


PM:10:34:27/06/2020