ئارێز عه‌بدوڵا: هەر کەسێک دژی قەوارەی ھەرێمە با لە خەڵکی عەفرین بپرسێت ئەو کات بریار بدات

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت" هەر کەسێک دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێ با پرسیارێک لە خەڵکی عەفرین".

 

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" بە ناونیشانی (قەوارەی هەرێم) ڕایگەیاندووە" نازانم بە چ لۆجیکێک هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی کوردستانە؟!".

 

ئارێز عەبدوڵا لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا دەشڵێت" لە هەرێمی کوردستان گەندەڵی هەیە، جەردەیی هەیە، تاوان هەیە، سیستەمی حوکمڕانی سەقەتە و زۆریتر، حکومەت شایانی گۆڕینە، حیزبەکان شایانی پوکانەوەن، زۆر دەسەڵاتدار شایانی دادگایی کردنن. بۆ ئەوانە هەمووی بەڵێ، بەڵام هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم جگە لە پیلانی و بەرژەوەندی داگیرکەران هیچ سوودێکی تری  نیە،

 

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت" هەر کەسێک دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێ با پرسیارێک لە خەڵکی عەفرین، سەرێ کانی، دیاربەکر، وان، سنە، کرماشان، تەنانەت مەندەلیش بکا ئینجا بڕیار بدا".

 

ڕاشیگەیاندووە" قەوارەی هەرێم گرینگە و پێویستە وەک بیلبیلەی چاو بپارێزرێ، تکایە بیر لە مێژووی پێش هەرێم بکەنەوە، سەیرێکی پارچەکانی تری کوردستان بکەن، ئەوکات بڕیار بدەن". 



PM:05:41:29/06/2020