( سپی ) چەند تەوەرێک لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرا دەکات

یەک شەممە ٢٨ی حوزەیران، سەرکردایەتی نوێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم دۆخە ئاڵٶز و پڕ کێشەیەی کوردستان و ناوچەکە وەک هەموو جارێکی تری لە سلێمانی کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک تەوەر کرا، ( سپی ) تیشک دەخاتە سەر هەندێک وردەکاری ئەو تەوەرانە، بەتایبەتی پەیوەندی ئەو حیزبە لەگەڵ پارتی و، گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا.


لە تەوەرەی پەیوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئێستا ئەو پەیوەندییە خراپ و ساردە، زیاتر لە حەوت مانگە پارتی و یەکێتی کۆنەبوونەتەوە، تا ئێستا پارتی بەفەرمی دانی بەسەرکردایەتی نوێی یەکێتی دا نەناوە. ( مەبەست لەدانان، تا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئامادە نییە دان بە هاوسەرۆکانی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و ئەو سەرکردایەتییە نوێیە یەکێتی دا بنێت کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا لە کۆنگرەی یەکێتی دا هەڵبژێردران).


کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی، بڕیاری دەدات کە لە رێگایەکەوە هەولێکی تر لەگەڵ پارتی دا بدات بۆ ئەوەی بەیەکەوە جارێکی تر کۆببنەوە، ئەگەر ئەو هەوڵانە سەربگرێت و ئەو دوولایەنە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی، یان هاوسەرۆکان لەگەڵ پارتی کۆببنەوەو، پارتی دانە بەسەرۆکایەتی نوێی یەکێتی دا بنێت، ئەوا هەردووکیان لەسەر ئاستی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان شان دەدەن بەر دۆخەکە و بەرپرسانە پێکەوە مامەڵە دەکەن، یەکێتی لەم رووەوە داوای شەفافیەتی لە داهاتی نەوت و داهاتەکانی تردا دەکات، هەروەها داوای لا مەرکەزیەتی ئیداریی و دارایی بۆ پارێزگاکان دەکات. ( تا ئێستا نەزانراوە ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە سازبکرێت، پارتی چی ئامادە کردووە بۆ یەکێتی و داوای چی لێدەکات).


بەپێی زانیاریەکانی ( سپی ) ئەگەر یەکێتی سەرکەوتوو نەبوو لەو هەنگاوەیداو نەیتوانی ئەو ئامانجانەی هەیەتی بەتایبەی دانان بە " هاوسەرۆکانی  نوێ " لەلایەن پارتی یەوە دەستەبەر بکات، جارێکی تر سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوەو بۆ بڕیاردان لەسەر چەند بژاردەیەکی نوێ، لەوانە هەڵپەساردنی کارکردنی یەکێتی لەدەزگا باڵاکانی هەرێم، ( حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان)، یان کشانەوەی تەواوەتی لە حکومەت و داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

 
  
یەکێتی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بڕیاری داوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوەو هەڵوێستی خۆیان بەو حیزبانە رابگەیەنێت. ئەمڕۆ سەرەتای ئەو کۆبوونەوانە دەستیپێکرد کاتێک کە هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تالەبانی و وەفدێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی سەردانی هەولێریان کردو لەگەڵ ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، عەلی باپیر کۆبوونەوە.


لە تەوەرێکی تردا باسی ئەو گفتوگۆیانە کراوە کە وەفدی هەرێم هەفتەی رابردوو بەسەرۆکایەتی قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی بەغدایان کردو، دوای سێ رۆژ کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دارایی و نەوت، گەڕانەوە هەرێم و هەموو زانیارییەکانی ئەو گفتوگۆیانە لەلایەن هەر سێ لایەنی بەشداری حکومەتەوە ( پارتی و یەکێتی و گۆڕان )ەوە بە نهێنی ماوەتەوە. هەرچەندە قوباد تاڵەبانی وردەکاری کۆبوونەوەکان و زانیارییەکانی زیاتر لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیدا باس کردووە، بەڵام لە کۆبوونەوەی دوێنێی سەرکردایەتیشدا بۆتە بابەتی کۆبوونەوەکە.


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ( سپی ) کەوتووە حکومەتی هەرێم و حکومەتی بە‌غدا لە هەفتەی رابردوودا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، هۆکەشی بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، مستەفا کازمی کە دەیەوێت سەروەری عێراق بەسەر سەرجەم خاکی عێراق و دەروازەکانیدا بسەپینێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەشێکی تریشی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەغدا خۆی کێشەیەکی گەورەی دارایی هەیە لە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆراندا.


( سپی ) زانیوویەتی حکومەتی عێراق بە وەفدی دانووستانکاری هەرێمی راگەیاندووە، کە عێراق ئامادەیە مانگانە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار رەوانەی هەرێم بکات، بەو مەرجەی سەرجەم داهاتی دەروازییە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان و داهاتی دامودەزگا ( سیادیەکان )ی لە هەرێمن بگەرێتەوە بۆ بەغدا. لەم پێشنیارەی حكومەتی بەغددا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە هەرێم خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت و لەم قۆناغەدا داهاتەکەی خەرجیەکانی خۆی پێدابین بکات، بەڵام  بەلەبەرچاوگرتنی سیاسەتی گشتی نەوتی عێراق.
یەکێک لەو پێشنیارانەی هەرێم خستوویەتە بەر دەستی حکومەتی بەغدا، حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی پێشانداوە کە هەرچی دۆسیەی نەوتە رادەستی بەغدادی بکات، بەرامبەر ئەمە حکومەتی بەغدا مانگانە بڕی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار رادەستی هەرێم بکات، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ( سپی ) کەوتووە، بەهیچ جۆرێک لە دۆخی ئێستای دارایی و ئابوری عێراقدا، ئەستەمە حکومەتی بەغدا بچێتە ژێر باری پێدانی بڕە پارەیەکی لەو شێوەیەوە، پێشبینی دەکرێت بەغدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پێشنیارەی هەرێم ئامادە بێت ٣٥٠ ملیۆن دۆلار مانگانە رەوانەی هەرێمی بکات.  


وەک چاودێران راڤەی دەکەن، هەموو ئاماژەکان ئەو راستییە دەردەخەن زۆر زەحمەتە حکومەتی هەرێم لە گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی وەک پێشوو بتوانێت ٤٥٣ ملیار دیناری لەبەغداوە پێ بگات و لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێمدا بڕی ٨٥٤ ملیار دیناری مانگانە پێ دابینبکرێت، لە کاتێکدا لەسەرئاستی جیهانی نرخی نەوت بەشێوەیەکی زۆر دابەزیووەو، هەمیشە نەوتی هەرێمیش لە نرخی بازاڕ هەرزانتر فرۆشراوە، هەربۆیە هەرێم لە ئێستادا ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات وەک پێشوو دابین بکات. هەروەها زۆر زەحمەتە حکومەتی هەرێم خۆی بەو داهاتە ناوخۆییەی لەبەردەستدایە لە پارەی فرۆشتنی نەوت و داهاتی دەروازەکان و داهاتەکانی تری ناوخۆ، بتوانێت وەک مووچە بدات، هەر بۆیە هەموو ئاماژەکان ئەو فاکتانە ئاشکرا دەکەن کە حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی قوڵی دارایی و ئابوریدایە.    
 

 


PM:09:15:29/06/2020