"تورکیا کوڕەکەمانی کوشتووە و داوای قەرەبووشمان لێدەکات"

فەرماندەی گشتیی جەندرمەی دەوڵەتی تورکیا داوای قەرەبووی پارەی لە بنەماڵەی ئایکوت ئوزکور، گەریلای هەپەگە کرد، کە لە ٢٨ی ئابی ٢٠١٨دا لە ناوچەی کانیرەشی چەولگ کوژراوە.

 

لەسەر داوای فەرماندەی گشتیی جەندرمە، بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەی ژمێریاریی چەولگ، بە بیانووی ئەوەی 'بەهۆی شەڕەوە زیان بەر خەزینەکەیان کەوتووە' سکاڵای لەدژی دایک و باوکی ئوزکور، قیمەت ئوزکور و ئاتک ئوزکور تۆمار کردووە و داوای قەرەبووی ١٠ هەزار و ٤٠٦ لیرە دەکات.

 

لە بەڵگەی ئاگادارییەکەدا، کە بۆ بنەماڵەی ئوزکور ڕەوانە کراوە، ئاگادار کراونەتەوە ئەگەر لە ماوەی مانگێکدا قەرزەکە نەدرێت، دەست بەسەر بەشێک لە مڵک و ماڵی بنەماڵەکەدا دەگیرێت و بنەماڵەکەشی دەڵێن "تورکیا کوڕەکەمانی کوشتووە و داوای قەرەبوو و دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵمان لێ دەکات"

 

سەردەمی بەعسیش ئەو رژێمە هەر کوردێکی بەرهەڵستکاری لە سێدارە بدایە، یان بە دەسترێژی گوولە بیکوشتایە تێچووی گوولەکانیان لە کەسوکارەکانی دەسەندەوە. 

 


PM:01:12:01/07/2020